دوای پەخشکردنی یەکێک لە بەرنامەکانی بنکۆڵ دەستەی وەبەرهێنان داوایەکی بەپەلە لە هاووڵاتیان دەکات

"هاووڵاتیان خۆیان دوور بگرن له‌ كڕین و فرۆشتنی ئەو یه‌كه نیشته‌جێبووانەی تا ئێستا مۆڵه‌تیان لە دەستەی وەبەرھێنان وه‌رنه‌گرتووه"
پڕۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون
پڕۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئەوەی 23ـی مانگی رابردوو، یەکێک لە ئەڵقەکانی پڕۆگرامی بنکۆڵ لە بارەی مامەڵە بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و پەیوەندی نووسینگە و کۆمپانیاکان، باس لەوە کرابوو کە دەیان پڕۆژە بە بێ مۆڵەت و تەواوکردنی مامەڵە یاساییەکانی یەکەی بە هاووڵاتیان فرۆشتووە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین نموونە لە بەرنامەکەدا خرایەروو.

هەر بۆ ئەو مەبەستە دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە ژێر ناو نیشانی (خۆتان بەدووربگرن لە کڕینی ئەم جۆرە پڕۆژانە)بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا کە پەیچی سەرەکی دەستەی وەبەرهێنان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاو کرایەوە، داوا له‌ هاووڵاتییان و مامەڵەکارانی خانووبەرە کراوە، خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ كڕین و فرۆشتنی ئەو یه‌كه نیشته‌جێبووانەی تا ئێستا مۆڵه‌تیان لە دەستەی وەبەرھێنان وه‌رنه‌گرتووه‌، یاخوود مامەڵەى پرۆژەکانیان لە قۆناغى رایکردندان.

هەروەک بە پێویستیش زانراوە کە هاووڵاتییان پێش کڕینى یەکەکەکان سەردانى فەرمانگەکانى وەبەرهێنان لە شار و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بە مەبەستى دڵنیابوون، بە پێچەوانەوە دەستەی وەبەرھێنان لێی بەرپرسیارنییە.

هەر لەسەر ئەو پرسە سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر بە کاروان رەحمان، پرۆدیوسەر و پێشکەشکاری بەرنامەکەی راگەیاند، پڕۆگرامی بنکۆڵ لەسەر ئەو پرسە وردەکاری و بەرچاوروونی زیاتری پێداون و دوای ئەو بەرنامەیەش جدی تر کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن و باسی لە بوونی چەندین فێڵ و ساختەکاری دیکەش کرد کە ئەنجامدراون.

دووپاتیشی کردەوە، دەبێت هاووڵاتیان خۆیان لەوە دڵنیابن کە ئایا پڕۆژەکە مۆڵەتی وەرگرتووە یاخوود نا، لە هەمانکاتدا پارەی داواکراو لە بانکێکی فەرمی دابنرێت و خۆیان لە مامەڵەی کەسی بە دوور بگرن.

پڕۆگرامی بنکۆڵ ماوەی زیاتر لە 4 ساڵە بەردەوامە، تا ئێستا 152 ئەڵقەی پێشکەشکراوە، بەشێکی بەرچاوی بەرنامەکانی چارەسەر یاخوود رێگا رۆشنی لەسەر زۆر پرس و بابەت بە دوای خۆیدا هێناوە.