وەزیری پەروەردە: لە کابینەی نۆیەم 55 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان دروستکراون

"سەرۆکی حکومەت رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی 30 پڕۆژەی دیکە داوە"
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم تائێستا 55 قوتابخانە دروستکراون و رەزامەندیش لەسەر 30 پڕۆژەی دیکە دراوە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی كردنەوەی قوتابخانەکی 18 پۆلی لە کۆمەڵگەی پیرزینی پارێزگای هەولێر گوتی، بە تێچووی یەك ملیار و 841 ملیۆن دینار قوتابخانەکە تەواو كراوە.

راشیگەیاند: "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 55 قوتابخانە دروستکراون، رەزامەندیش بۆ دەستپێکردنی 30 پڕۆژە دراوە، کە بە بڕی 23 ملیار و 600 ملیۆن دینار پڕۆژەکان جێبەجێ دەکرێن و لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێچووەکەی بۆ تەرخانکراوە".

وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بەوەشدا: "لەمساڵدا بودجەی دیکەی تایبەت بۆ دروستکردنی قوتابخانەکان، لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەرخان دەکرێت".