سەرۆکی نوێی شارەوانی سلێمانی و قائیمقامی بازیان دەستبەکاربوون
K24 - سلێمانی:
ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی سلێمانیدا کرا و بۆ یەکەمجار ژنێک بووە سەرۆکی شارەوانی، هەروەها یەکەم قائمقامی بازیان بە وەکالەت دەستبەکاربوو.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی نووسینگەی تایبەتی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی، لەیلا عومەر عەلی، وەک سەرۆکی نوێی شارەوانی سلێمانی و سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی دەستی بەکار کرد".
لەیلا عومەر عەلی، پێشتر جێگری پارێزگاری سلێمانی بوو، بەڵام رۆژی 18ی کانونی دووەمی 2022، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا بگوازرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی.
لەیلا عومەر عەلی کێیە؟
ساڵی 1975 لە سلێمانی لەدایکبووە
لە زانکۆی سەڵاحەدین کۆلێژی یاسای خوێندووە
خێزاندارە و دایکی سێ منداڵە
ساڵی 2005 بووە بە بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەی دووی سلێمانی
بۆماوەی 10 ساڵ ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی بووە
ساڵی 2019 بە ئەندامی یەدەگی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵبژێردرا
ساڵی 2020 وەک یەکەم ژن بووە جێگری پارێزگاری سلێمانی
ئەمڕۆ 10/2/2022 وەک یەکەم ژن لە مێژووی سلێمانیدا بووە سەرۆکی شارەوانی
هەروەها ئەمڕۆ، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (5)ساڵی 2022ی تایبەت بە هێنانەکایەی قەزای بازیان، فەرمانی دەستبەکاربوونی قەزای بازیانی دەرکردو بەڕێز ئیسماعیل ئەحمەد ڕەسوڵ بەڕێوەبەری ناحیەی بازیانی وەک قائیمقامی قەزای بازیانی بەوەکالەت ڕاسپارد".
دەستبەکاربوونی قائیمقامی بازیان دوای ئەوەهات کە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رۆژی 23ی کانوونی یەکەمی 2021 ھەردوو ناحیەی عنکاوە و پیرمام لە پارێزگای ھەولێر و ناحیەی بازیان لە پارێزگای سلێمانی کرانە قەزا.