نێچیرڤان بارزانی: بۆ ئێستا و داهاتووش چاومان له‌ رۆڵی يه‌كێتيى نووسه‌ران و ته‌واوى ئه‌ديبانى كوردستانه‌

"به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك هاوكار و پشتيوانيان ده‌بين"
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

بە بۆنەی پەنجا و دووهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كورد، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ئه‌و یه‌كێتییه‌ ده‌كات، تێیدا هاتووه‌، "یادی زیندووی ئەو نووسەرە شەھیدانە بەبیر ده‌هێنێنەوە كە لە سەنگەری خەبات و داكۆكی لە ئازادی و مافەكانی گەلدا، سەری بەرزی قەڵەمەكانیان نەوی نەكرد".

ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌:

بە بۆنەی پەنجا و دووهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كورده‌وه‌، بە گەرمی پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و یەكە یەكەی ئەندامانی یەكێتییەكەتان و هەموو نووسەران و ئەدیبانی کوردستان دەكەم.

لەم یادە شكۆدارەدا، بە رێزەوە لە خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی یەكێتییە سەنگین و تێكۆشەرەكەتان دەڕوانین.

ئەو رێكخراوە پڕ بەرهەم و بەخششەی كە خزمەتێكی بەرچاو و بەردەوام و بێ دابڕانی بە ئەدەب و زمان و كولتووری كوردی كردووە، لە مەیدانی خەباتیشدا نموونەی چاونەترسی و سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و سەرکوتکاری و هەمیشە لە سەنگەری گەل و نەتەوەكەیدا بووە.

بۆ ئێستا و داهاتووش چاومان له‌ يه‌كێتيى نووسه‌رانى كورد و ته‌واوى نووسه‌ران و ئه‌ديبانى كوردستانه‌ كه‌ رۆڵى كاراى خۆيان له‌ بره‌ودان به‌ گيانى وابه‌سته‌يى به‌ نيشتمانه‌وه‌، مرۆڤسازى، ئازادى و پاراستنى مۆرك و ناسنامه‌ و كولتوورى كورد و كوردستاندا بگێڕن، ئێمه‌ش به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك هاوكار و پشتيوانيان ده‌بين.

لەم بۆنەدا، یادی زیندووی ئەو نووسەرە شەھیدانە بەبیر ده‌هێنێنەوە كە لە سەنگەری خەبات و داكۆكی لە ئازادی و مافەكانی گەلدا، سەری بەرزی قەڵەمەكانیان نەوی نەكرد و بە هەڵوێستەوە گیانی پاکیان بەخشی.

سڵاو و رێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان. سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم ئەو نووسەرانەی تەمەنیان بۆ خزمەتی وشەی كوردی و پێشکەوتنی كولتوور و فەرهەنگی گەلی کوردستان تەرخان كرد.

ئەم یادە لە ھەموو نووسەران و ئەدیبانی کوردستان پیرۆز بێت. ھیوای گەشە و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، ھەر شاد و سەرفراز بن.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

2022/2/10