پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتیی نووسەرانی کورد

"یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد بە نووسین و بەرهەمەکانیان و هەڵوێستە نیشتمانییەکانیان، لە ریزی پێشەوەی داکۆکیکردن بوون لە ناسنامە و بەها پیرۆزەکانی گەلی کوردستان"
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24- هه‌ولێر:

به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 52 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ئه‌و یه‌كێتییه كرد و دووپاتیكرده‌وه‌، یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە درێژایی تەمەنی خۆیدا، رۆڵێکی گرنگ و درەوشاوەی لە خزمەتکردن بە زمان و ئەدەبی کوردی و بزووتنەوەی رووناکبیریی لە کوردستاندا گێڕاوە و هەمیشە لە قۆناخە جیاوازەکانی مێژووی خۆیدا، خاوەنی هەڵوێستی نیشتمانی بووە لە بەرگریکردن لە مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا.

ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد:

بە بۆنەی پەنجا و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئەندامانی مەڵبەندی گشتیی و سەرجەم ئەندامانی یەکێتیی نووسەرانی کورد و نووسەرانی کوردستان بەگشتی دەکەم .

یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە درێژایی تەمەنی خۆیدا، رۆڵێکی گرنگ و درەوشاوەی لە خزمەتکردن بە زمان و ئەدەبی کوردی و بزووتنەوەی ڕووناکبیریی لە کوردستاندا گێڕاوە و هەمیشە لە قۆناخە جیاوازەکانی مێژووی خۆیدا، خاوەنی هەڵوێستی نیشتمانی بووە لە بەرگریکردن لە مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا. لەم بۆنەیەدا، بە رێز و پێزانینەوە یادی هەموو ئەو نووسەر و رۆشنبیرانەی کوردستان دەکەینەوە، کە بە نووسین و بەرهەمەکانیان و هەڵوێستە نیشتمانییەکانیان، لە ریزی پێشەوەی داکۆکیکردن بوون لە ناسنامە و بەها پیرۆزەکانی گەلی کوردستان.

ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد، لە هەموو نووسەرانی کوردستان پیرۆز بێت و هەمیشە سەرکەوتووبن .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان