"هه‌رێمی كوردستان لە کۆبوونەوەکانی پەیماننامەی عەرەبی به‌شدار ده‌بێت"

"له‌ قاهیره‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت"
باره‌گای كۆمكاری عه‌ره‌بی / قاهیره‌
باره‌گای كۆمكاری عه‌ره‌بی / قاهیره‌

K24 – هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاشكرای ده‌كات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەیماننامەی عەرەبی سەر بە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکات.

نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، بڕیار وایە لە رۆژانی 14 و 15ـی شوباتی 2022، کۆبوونەوە له‌باره‌ی گفتوگۆی راپۆرتی دووەمی عێراق تایبەت بە پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە بارەگای كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە، بە بەشداری شاندێكی حكوومەتی ئیتیحادی و حکوومەتی هەرێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان راشیگه‌یاند، لەو گفتوگۆیانەدا شاندی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شاندی عێراق بەشدار دەبێت.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان روونیكرده‌وه‌، به‌شداری هه‌رێم بۆ خستنەرووی هەنگاوەکانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ لە رووی پابەند بوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئەو پێشکەوتنانەی لە ماوەی ڕابردوودا بەدی هاتوون و وەڵامدانەوەی ئەو راسپاردانەی ئاراستەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن.