راستی ڤیدیۆی "دەرکردنی جن" لە پەنجەی دەستەوە

پرۆفیسۆرێک روونکردنەوە دەدات
خاڵیبوونەوەی پلازما لەکاتی بوونی زریانی هەورە بروسکە
خاڵیبوونەوەی پلازما لەکاتی بوونی زریانی هەورە بروسکە

K24 - هەولێر:

بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك کە تیایدا تەنێکی نامۆ لەشێوەی رووناکیەکی پرشنگدار لە پەنجەی کەسێکەوە دێتە دەرەوە، لەنێو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە سعودیە هەرای ناوەتەوە. 

د. عەبدوڵا ئەل-موسند، پرۆفیسۆری کەش و هەوا و دامەزرێنەر و سەرۆکی لیژنەی ناولێنانی بارودۆخی کەشوهەوای جیاکەرەوەی سعودیە لە تویتێکدا روونکردنەوەیەکی لەسەر گرتە ڤیدیۆکە بڵاوکردەوە نووسیویەتی "ئەوە پلازمایە و جن نییە".

ئەو پرفیسۆرە لە تویتەکەیدا هۆشداری دەدات و دەڵێت "ئەگەر لە شوێنێکی کراوەدا بیت و زریان و هەورە بروسکە لە سەرتەوە هەبوو، کە بینیت رووناکی پرشنگدار لەسەر پەنجەکانتە یان تاڵە مووەکانی قژت بەرز دەبنەوە؛ ئەو شوێنە بەجێبهێڵە، چونکە تۆ لە مەترسیدایت، هەروەها راستەوخۆ کاتژمێری دەستی و کلیل و مۆبایل و هەر کانزایەکی دیکە کە هەڵگرتووە، لە خۆتیان دوورخەرەوە و بڕۆ شوێنێکی پارێزراوەوە."

لە تویتێکی دیکەدا د. عەبدوڵا ئەل-موسند باس لەوە دەکات ئەو پلازمایە بەو جۆرەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، بریتیە لە خاڵیبوونەوەی لە جەستەی مرۆڤەکەوە کە هەندێک جار لە ئاژەڵیشدا روودەدات، بەهەمانشێوە لە نووکی تیژی تەنە جیاوازەکان.

H.H