"تاڵیبان ده‌ڵێت نابێت ژن هه‌ر له‌ ماڵ بێته‌ ده‌ره‌وه‌"

ژنێكی ئه‌فغانی به‌سه‌رهاتی ئه‌شكه‌نجه‌دانی خێزانه‌كه‌ی له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌
ژنێكی ئه‌فغانی دوای ئاواره‌بوونی چیرۆكی نه‌هاته‌تییه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه‌
ژنێكی ئه‌فغانی دوای ئاواره‌بوونی چیرۆكی نه‌هاته‌تییه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

لەگەڵ گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیانی ئەو وەڵاتە رایانکرد، بە ئومێدی ئەوەی رزگاریان بێت، بەشێکی زۆریان گیانیان لە دەستدا و بەشێکی دیکەش توانیان وەڵات بە جێبێڵن بە ئومێدی رزگاربوون، بەڵام چیرۆکەکان کۆتایان نەھاتووە بۆ ئەوانەی وڵاتیان بە جێھێشتووە.

پێش ئەوەی تاڵیبان دەسەڵات بگرێتە دەست، "نوور محەمەد" لە گوندی پەغمانی نزیک کابول خەریکی دارتاشی بووە، دواتر بۆ چاکردنەوەی دەرگا و پەنجەرەی یەکێک لە باڵەخانە حکومییەکان بانگی دەکەن، لەگەڵ گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان پێیان گوتووە مافی كاركردنت نییە و دواتر دەستگیریدەكەن و دەیبەنە ناو باخێک و بە شەش کەس ئەشکەنجەی دەدەن، لەو کاتەوە تا ئێستا باری دەروونی و تەندروستی تێکچووە و ناتوانێت بۆ ماوەی كاتژمێرێك لەسەر پێیەكی بووەستێت و كاربكات.

نوور محەمەد، پیاوێكی ئه‌فغانییه‌، بۆ كوردستان 24 گوتی: "ئه‌و كاته‌ی باڵه‌خانه‌یه‌كی حكومیم گرتبوو، كارم بۆیان ده‌كرد، چه‌كدارانی تاڵیبان دوو جار بانگیان كردم و گوتیان نابێت كار بۆ حكومه‌ت بكه‌ی، منیش گوتم ئه‌گه‌ر كارنه‌كه‌م، كێ خه‌رجی ژن و منداڵه‌كانم دابین ده‌كات، گوێم پێنه‌دان و دواجار گوتیان وه‌ره‌ كارمان پێته‌، منیان برده‌ ناو باخێك و زۆریان لێدام، له‌ چاومیان دا، ئێسكی قاچم شكاوه".

مەھناز یەكێكی دیكەیە لە قوربانییەكان و دوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان رووبەڕووی كێشە بووەتەوە و دەڵێت حكومەتی تاڵیبان دژی ئەوە بووە كچان بخوێنن. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لەو قوتابخانەیەی کچەکەم وانەی تێدا دەخوێند، بۆمبی چێنراویان بۆ دانابوو، 25 کچی خوێندکار بوونە قوربانی و گیانیان لە دەستدا، دواتر کچەکەی لە ترسان دەست لە خوێندن ھەڵدەگرێت. جارێکی دیكەش تاڵبان بۆ رێگریکردن لە خوێندنی کچان دەرمان دەکه‌نه‌ ناو ئاوی خواردنەوی قوتابخانەكەیان، 5 کچی دیکەش گیان لە دەست دەدەن.

مەھناز تاجیك ئاشكرای كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاڵیبان ته‌قینه‌وه‌ی له‌ قوتابخانه‌ی كچان ئه‌نجام دا، 25 كچ شه‌هید بوون، نه‌یانتوانی جارێكی دیكه‌ بچنه‌وه‌ قوتابخانه‌، تاڵیبان ده‌ڵێت، نابێت ژن هه‌ر له‌ ماڵ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌رمانیان كرد ناوی ئاوی قوتابخانه‌كه‌، هه‌موو قوتابیان تووشی رشانه‌وه‌ و سكچوون بوون، 5 قوتابی دیكه‌ش گیانیان له‌ده‌ستدا.

ئاشكراشی كرد، ناچار رامانكرد و ماوه‌ی 2 مانگ له‌ رێگه‌ی قاچاغدا بووین، منداڵه‌كانم برسی و تینوو بوون،  سه‌رمایان بوو، خه‌ریك بوو ره‌قبینه‌وه‌، ده‌گریان، ده‌مگوت خوایه‌ كه‌ی رزگامان ده‌كه‌ی.

دوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان بەشێكی زۆری خەڵك دووچاری گرفت بوونەوە، بە تایبەتی ئافرەتان، كە ئازادییەكانیان پێشێلكران و خوێندن و كاركردنیان لێقەدەغەكرا، بەشێك لە ھاووڵاتیان رووبەڕووی برسیەتی و مردن بوونەوە. ئەم خانەوادەیە نموونەی سەدان لەو خێزانانەن، كە لە ئەفغانستان تووشی كێشەبوونە و ناتوانن بژێوی ژیانیان دابینبكەن.