وه‌زیری گواستنه‌وه ورده‌كاری هێڵی ئاسنینی فاو – ئیبراهیم خه‌لیل ده‌خاته‌ڕوو
K24 - هه‌ولێر:
ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كوردستان24ی راگه‌یاند، هێڵی ئاسینی به‌نده‌ری فاو تا ئیبراهیم خه‌لیل پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و سوودی ئابووری بۆ كوردستان و عێراقیش هه‌یه، كاڵاكانی رۆژهه‌ڵات به‌ره‌و رۆژئاوا له رێگه‌ی ئه‌م هێڵه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه.
ئانۆ جه‌وهه‌ر گوتی: "له به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری عێراق و هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری توركیا كۆبووینه‌وه، ئێمه وه‌كو وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان تێڕوانینی خۆمان بۆ هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر خسته‌ڕوو".
گوتیشی: ئێمه پلانی خۆمان داوه‌ته هه‌ردوو لایه‌نی عێراقی و توركی، كه پێویسته هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له كه‌ركووكه‌وه بێته هه‌ولێره‌وه دواتر بچێته مووسڵ، له‌وێشه‌وه بچێته پارێزگای دهۆك، تا زاخۆ و ده‌روازه‌ی سنووری ئیبراهیم خه‌لیل، له‌وێشه‌وه بۆ خاكی توركیا له رێگه‌ی نه‌سیبینه‌وه تا ده‌گاته ئه‌وروپا.
وه‌زیری گواستنه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌م بابه‌ته بۆ دواڕۆژی ئابووری كوردستان و عێراق و توركیاش زۆر گرنگه، ئه‌مه بۆ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی كه‌نداویش پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه، توێژینه‌وه‌یه‌ك هه‌یه، كه ئه‌و كاڵایانه‌ی له رۆژهه‌ڵاته‌وه دێن و ده‌چن بۆ رۆژئاوا، ئێستا به 18 رۆژ ده‌گه‌ن، به‌ڵام به درووستكردنی ئه‌م هێڵه، به 12 رۆژ ده‌گه‌ن و تێچووه‌كه‌شی كه‌م ده‌بێته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، درووستكردنی ئه‌م هێڵه بۆ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه به‌سووده، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه له هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكی پلانی هێڵی ناوخۆیین، كه له سلێمانییه‌وه به‌ره‌و هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان درێژ ده‌بێته‌وه و به شاڕێگه‌ی هێڵی ئاسنینی فاو – ئیبراهیم خه‌لیل ده‌به‌سترێته‌وه.
ئانۆ جه‌وهه‌ر روونیكرده‌وه، هاوكارانیشمان له وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی گرێبه‌ستیان هه‌یه، ئه‌وان بۆ ناوه‌خۆی هه‌رێمی كوردستان پلانه‌كه داده‌ڕێژن، به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌مه له‌گه‌ڵ پڕۆژه گه‌وره‌كه یه‌كده‌گرێته‌وه، كه هێڵی ئاسنینه له به‌نده‌ری فاو له باشووری عێراق به‌ره‌و ده‌روازی سنووریی ئیبراهیم خه‌لیل له هه‌رێمی كوردستان.