ئەمەریکا ریکلام بۆ تورشی هەولێر دەکات

"بەرهەمێکی ترشیات کە شایەنی تاقیکردنەوەیە لە هەولێر"
ترشیاتی حاجی عوسمان لە هەولێر
ترشیاتی حاجی عوسمان لە هەولێر

K24 - هەولێر:

ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا باس لە بەرهەمێکی ترشیاتی هەولێر دەکات و دەڵێت شایەنی تاقیکردنەوەیە.

"USAID Iraq" ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا لە پۆستێکی فەیسبووکدا لە پەیجی فەرمی خۆیان، باس لە بەرهەمی ترشیاتی فرۆشگایەکی هەولێر دەکەن و دەڵێن "گەر حەزت لە خواردنی تورشی یاخود ترشیاتە، ئەوا حاجی عوسمان دەڵێت ترشیاتەکەی ئەوان یەکێکە لە باشترینەکانی هەولێر."

ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە باشترکردنی پرۆسەکانی سەلامەتی و تەندروستی خۆراک و پەرەپێدانی کارەکانی لە رێگەی ئۆنلاین یارمەتی حاجی عوسمانیان داوە.

ترشیاتی حاجی عوسمان
ترشیاتی حاجی عوسمان

حاجی عوسمان کە خاوەنی فرۆشگایەکی ترشیاتە لە هەولێر بە ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی راگەیاندووە، مەشقەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی ئەمریکی نێودەڵەتی (ئی جی پی ئەی/نیفی بریتی) بۆ باشترکردنی کوالیتی خۆراک و بازاڕکردن جیاوازی لە کارەکانیان دروستکرد.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵکشانی رێژەی تووشبووان، هاوشێوەی وڵاتان قەدەغەی هاتووچۆ هەرێـمی کوردستان و عێراقیشی گرتەوە و وەک زۆربەی بازرگانییەکانی دیکە قەدەغەی هاتووچۆ کاریگەری هەبوو لەسەر فرۆشگاکەی حاجی عوسمان.

حاجی عوسمان لەبارەی بار و دۆخی ئێستای ئیشەکەیانەوە لە هەولێر دەڵێت، "بەخۆشخاڵییەوە کارەکەمان بەرەو باشی دەڕوات. بەهۆی پێشکەوتنی پرۆسەی وەبەرهێنانمان و زانینی تەکنیکەکانی بازاڕکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە بەرنامەکەوە فێریبووین خوازیارین رێژەی فرۆشتنمان زیاتر بکەین."