سوارچاكی گۆرانی عه‌ره‌بی و ره‌حمه‌ ریاز بۆ ئاهه‌نگه‌كانیان هه‌ولێریان هه‌ڵبژارد

"ھەولێر پایته‌ختی خۆشی و میواندۆستییه‌ و بووەتە وێستگەیەكی سەرەكی بۆ ھونەرمەندانی عەرەب"

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌ك له‌ عاسی ئه‌لحلانی، هونه‌رمه‌ندی لوبنانیی ناسراو به‌ (سوارچاكی گۆرانی عه‌ره‌بی) و ره‌حمه‌ ریاز، هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی عێراقی به‌ جیا گه‌یشتنه‌ هه‌ولێر و بڕیاره‌ ئاهه‌نگی هاوبه‌ش له‌و شاره‌ ساز بكه‌ن.

له‌ دوو لێدوانی جیاوازدا بۆ كوردستان24، ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ عه‌ره‌به‌ مه‌به‌ستیان له‌ هه‌ڵبژاردنی هه‌ولێر بۆ سازكردنی كۆنسێرت و ئاهه‌نگه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ڕوو و باس له‌ میواندۆستی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، "خه‌ڵك شاهێدی له‌سه‌ر میواندۆستی خه‌ڵكی كوردستان ده‌ده‌ن" و هه‌ولێر به‌ پایته‌ختی خۆشی و میواندۆستی ناو ده‌به‌ن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عاسی ئه‌لحلانی گوتی: "شەرەفمەندم كە سەردانی ھەولێر و عێراقم كردووە، عێراقی شیرین لە دڵی ئێمە. ئێمە وەك لوبنانی، خۆمان بە ھاوبەشی خەڵكی عێراق دەزانین، خەڵكی كوردستان و ھەولێر، ئەو وڵاتە خۆش و میواندۆستە، زۆرجاری دیكەش سەردانمكردووە و بە گەرمی پێشوازییان لێكردووین، پێشوازییەكی میواندۆستی و كوردستانیانە، كە ئەم میواندۆستییە بەناوبانگە و خەڵكی شاھێدی لەسەر دەدەن. من شەڕەفمەندم بەم سەردانە، بەختەوەرم كە 14ی ئه‌م مانگه‌ ئاھەنگێكمان دەبێت، زۆر دڵخۆشم كە بیستم خەڵك بە گەرمی پێشوازییان لە ئاھەنگەكە كردووە و تەواوی پلیتەكانی بەشداریكردن فرۆشراون. پشتیوان بەخودا یەكێك لە شەوه‌ مێژووییەكان بەسەر دەبەین، ھەولێر پایتەخەتی خۆشی و گەشتوگوزاری، پایتەختی رۆشنبیری و میواندۆستییە، ھەردەم یەكتر بینینەوەمان لەو شارە دبێت و پێشتر ھاتوومەتە ھەولێر، من زۆر حەزدەكەم جەماوەرەكەم ببینم، پشتیوان بەخودا بتوانم دڵی جەماوەرەكەم خۆشبكەم".

گوتیشی: "ھاوڕێی زۆرم لە ھەولێر ھەیە، بڕیار بوو بەیانی بێمە ھەولێر، بەڵام دوو رۆژ پێشتر ھاتم بۆ ئەوەی ئامادەكاری تەواو بۆ ئاھەنگەكە بكەم، بۆیە دوو رۆژ كاتم ھەیە بۆ سەردانی شوێنە گشتییەكان و ناوچە شاخاوی و شوێنە مێژووییەكان، كە ھەرێمی كوردستان پێی دەناسرێتەوە".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، پێشتریش گوتوومە: "ھەولێر بووەتە وێستگەیەكی سەرەكی بۆ ھونەرمەندانی عەرەب، ساڵانه‌ چەندین چالاكی رۆشنبیری، ھونەری، گەشتوگوزاری، ئەنجام دەدرێت. ھەولێر ناسراوە بە سروشت و جوانی و شوێنی سەرنج راكێشی گەشتوگوزاری لێیە. ئەوەش وادەكات سەردانی ھەولێری جوان و سەرنجڕاكێش بكەم، وەك پێشتر گوتم: گەلی لوبنان و گەلی عێراق ھاوڕێیەتی و خۆشەویستی لە نێوانماندا ھەیە."

عاسی ئه‌لحلانی گوتی: "سوپاسی جەماورەكەم لە كوردستان و سوپاسی حكومەتی ھەرێمی كوردسان دەكەم، كە ئەم چالاكییە گرنگە ئەنجام دەدات، بەھێزكردنی گەشتوگوزار، رۆشنبیری و ھونەری، وادەكات ئێمە دڵخۆش بین، كە لەناوچەكەی ئێمە حكومەتێك ھەیە گوێ بە ھونەر و گەشتوگوزار و رۆشنبیری دەدات. سوپاسی ھەموو ئەوانە دەكەم كە ئەم ئاھەنگەیان رێكخستووە، بە ھەموو جەماوەرەكەم دەڵێم: بیرتان دەكەم و زۆر دڵم پێتان خۆشە، پشتیوان بەخوا شەوێكی بێ وێنە پێكەوە بەسەر دەبەین".

داواشی له‌ هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی عه‌ره‌ب كرد، "سەردانی ھەولێر بكەن و لە نزیكەوە ببینن ھەولێر شارێكی خۆشە و گەلەكەی میواندۆست و خۆشەویستن، ئەوەش گرنگە بەوان دەڵێم: ئەو كەسەی دێتە ھەولێر وا ھەست دەكات كە لە وڵاتەكەی خۆیەتی".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ره‌حمه‌ ریاز، هونه‌رمه‌ندی عێراقی و كچی ریاز خزری هونه‌رمه‌ند كه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ ئاهه‌نگ و كۆنسێرت سه‌ردانی هه‌ولێری كردووه‌، بۆ كوردستان24 قسه‌ی كرد و له‌باره‌ی دوایین به‌رهه‌مه‌كه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆماریكردووه‌ گوتی: "زۆر دڵخۆشم بە سەركەوتنی گۆرانییەكە، كە ریكلامێك بوو بۆ كۆمپانیای كۆرەك تیلیكۆم، من بوومە رووی ریكلامی كۆمپانیای كۆرەك تیلیكۆم، دەمانویست وێنەگرتن لە ھەرێمی كوردستان بێت، لەبەر ئەوەی ھەرێمی كوردستان روویەكی جوانی عێراقە، زۆر جوان دەبێت كە وڵاتانی دەرەوەی عێراق ئەم رووە ببینن. كە سروشت لای ئێمە ھەیە، دەمانویست ئەو لایەنەی عێراق نیشانبدەین".

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت لێكچوون و جیاوازی نێوان گۆرانی كوردی و عه‌ره‌بی گوتی: "ئێمە ھەستێكی رەوان و ھاوبەشمان ھەیە، تەنیا زمان دەگۆڕێت، ئەگینان ھەمان ھەستە، بەڵكو ئێمە لە ھەمان ژینگە و سروشتدا دەژین"، جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "خه‌ڵكی كوردستان زۆر خۆشەویسته‌ و ئه‌وان خه‌ڵكی وڵاتی منن"

ئاشكراشیكرد، "ئاھەنگێكم لەگەڵ عاسی ئەلحەلانی ھەیە لە ھەولێر، بازرگانییەكی مامناوەندمان ھەیە. لە ھەوڵدام لە ھەرێمی كوردستان بمێنمەوە".

گوتیشی، له‌ گۆرانییه‌كانم "من پشت بە ھەست و وشەی گۆرانی دەبەستم، من بە پلان كاردەكەم و ھەست دەكەم جەماوەرەكەم دڵیان بە گۆرانییەكان خۆشە. ھونەرمەند دەبێت گۆڕانكاری زۆر بكات و شتی نوێی لا ھەبێت".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكیش له‌باره‌ی سه‌ردانه‌ زۆره‌كانی ماوه‌ی رابردووی هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب بۆ شاری هه‌ولێر، ره‌حمه‌ ریاز گوتی: "وڵاتەكەمان خۆشە، دەرفەتی ئەوە ھەیە ھونەرمەندان بێنە ئێرە، بە تایبەت ھەولێر لە بواری ھونەری زۆر پێشكەوتووە و بەڕووی جیھاندا كراوەتەوە، لە بواری بەرنامە، زنجیرە فیلم، كلیپ، ھیواخوازم كە عێراق و ناوچەكە چاو لە ھەولێر بكه‌ن".

گوتیشی: "سوپاسی خه‌ڵكی كوردستان دەكەم لەسەر میواندۆستیان، ئەوكاتەی دێمە ئێرە، من كچی وانم، ئەوانیش كەس و كاری منن، من ھەر وەك ھاووڵاتییەكی عێراقی ھاتوومەتە وڵاتەكەم".

H.B