هەوڵێک بۆ هێرشکردنە سەر زیندانەکانی عێراق ئاشکرا دەکرێت

"هەوڵدەدەن سەرکردەکانی داعش لە زیندانەکان رزگار بکەن"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای دەکات، بۆ رزگار کردنی چەند سەرکردەیەکی داعش لە زیندانەکان، چەکدارەکانیان هەوڵدەدەن هێرش بکەنە سەر زیندانەکانی عێراق.

عارف حەمامی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە "هەوڵێک بۆ هێرشکردنە سەر زیندانەکانی عێراق لەلایەن داعشەوە هەیە، لەپێناو رزگارکردنی چەند سەرکردەیەکی رێکخراوەکە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەوە تۆمەتبار دەکات "کە دەستیان لەم هەوڵەدا هەیە، بۆ ئەوەی دۆخی ئەمنی عێراق ئاڵۆزتر بکەن و رەوایی بە مانەوەی هێزەکانیان بدەن".

لە ماوەی رابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، پرۆسەیەکی گەڕان و توندوتوڵ کردنیان، لەسەرجەم زیندانەکان ئەنجامدا.

ئەمەش دوای ئەوەدێت لە رۆژی 20/1/2022، ژمارەیەک چەکدارانی داعش لە گرتووخانەی غوێران لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان هەڵاتن و رووبەڕووی هێزەکانی هەسەدە بوونەوە و بۆ چەند رۆژێک کۆنترۆڵی گرتووخانەکە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی داعش.

پاش ئەو رووداوە، عێراق رێوشوێنی تایبەتی لە سنوورەکان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان گرتەبەر، بۆ ئەم مەبەستەش مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بنکە سەربازییەکانی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەسەر کردەوە و لەبارەی پێشهاتەکان لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەوە.