پارێزگاری ھەولێر و جێگری پارێزگاری نەینەوا دێنه‌ په‌رله‌مانی كوردستان

بۆ تاوتوێكردنی دۆخی مەخموور له‌گه‌ڵ لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان كۆده‌بنه‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو پارێزگاری ھەولێر و جێگری پارێزگاری نەینەوا دێنە پەرلەمانی كوردستان.

جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بۆ كوردستان24 ئاشكرایكرد، دوای سەردانی لیژنەكەمان بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی مەخموور لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكومەتی عێراق و پێشمەرگە گفتوگۆمان كرد و راپۆرتێكمان لەسەر دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری ئامادەكردوە، كە راسپاردە و پێشنیازی بۆ ھەردوو حكومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق تێدایە.

گوتیشی: دوای تەواوبوونی راپۆرتەكە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازەكان، بانگهێشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و سیروان رۆژبه‌یانی، جێگری پارێزگاری نەینەوامان كرد، ئەوان وەڵامی بانگهێشتەكەیان داوەتەوە.

ئاشكراشیكرد، بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بێنە پەرلەمانی كوردستان و لەگەڵ لیژنەكەمان تاووتوێی راپۆرتەكە بكەن، كە لە راپۆرتەكە لەبارەی دۆخی ئەمنی و سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزاریەوە پێشنیاز و راسپاردەی بۆ ھەردوو حكومەتی هه‌رێمی كوردستان و عێراق تێدایه‌.