دۆخی ئەمنی بەغدا ناجێگیرە

هەر کەسێک بە دڵی میلیشیاکان قسە نەکات و نەجولێتەوە ژیانی دەکەوێتە مەترسی
دیمەنێکی بەغدا
دیمەنێکی بەغدا

K24 - بەغدا

لە بەغدا دۆخێکی ئەمنی ناجێگیر هەیە و هاووڵاتییان لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین، بەهۆی بوونی هەڕەشەی گرووپە میلیشیاکان لەسەر پایتەختی عێراق، بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان دەڵێن، دۆخێک دروست بووە لە بەغدا کە هەر کەسێک بە دڵی میلیشیاکان قسە نەکات و نەجولێتەوە ئەوە ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

لە بەغدا دۆخێکی سیاسی و ئەمنی ئاڵۆز هەیە، وەک ئاڵۆزی و جەنجاڵی ئەو قەرەباڵغیەی کە لە شەقامەکاندا هەیە و بەکەس رێک ناخرێت. لە روواڵەتدا پایتەخت هێزی دەوڵەت و فەرمی وەزارەتەکانی ناوخۆی و بەرگری تێدایە کە مەلەفەی ئەمنیان لە دەستە، بەڵام بوونی ئەو هەزاران سەرباز و چەکدارەی دەوڵەت نەبووەتە مایەی دڵنیابوونەوەی خەڵکەکەی، لە هەڕەشەی گرووپە میلیشیاکان.

رەعد محەمەد، یەکێکە لە وێنەگرەکانی بەغدا لەبارەی دۆخی شارەکە دەڵێ: "بە دڵنیاییەوە هێزی چەکداری لە یاسا دەرچوو کارێکی زۆر خراپە، چونکە ئەم چەک بەدەستانە بەهێزبوونە و سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریش نین، یاسایی نین، کاریگەری کردووەتەوە سەر ژیانی هاووڵاتییان، تەنانەت خەڵک هەست ناکەن  کە ئاسایش هەیە کاتێک کە لە شەقامەکانن".

دۆخی ئەمنی بەغدا بە جۆرێکە زۆر کەس، لە ترسی هەڕەشەی گرووپە میلیشیاکان ناتوانن قسە بۆ میدیاکانیش بکەن.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدا کە بۆ کوردستان24 دوا گوتی: "تەماشای ژیانی خەڵک بکەن، دۆخێک دروست بووە بەراستی پیاو نازانێ بڵێت چی! رۆژ دوای رۆژ لە خراپەوە بۆ خراپتر هەنگاو دەنێن".

بە هەزاران چەک بەدەست لە بەغدا هەن، کە بوونە بە گرووپی میلیشیا و مەترسیان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست کردووە، لە زۆربەی شەقامەکانی بەغدا هێزی بێ ناسنامە و گرووپی چەکدار. دەبینرێن. پەرلەمانی عێراق لەم خولەدا لە رێگای پڕۆژە یاسایەکەوە دەیەوێت گرووپە میلیشیاکان نەهێڵێت، بەڵام رێگرییەکانی بەردەمیان زۆرن.