ترەمپ: لە بێهێزی ئەمەریکاوه‌یه‌ رووسیا دەیەوێت ئۆکرانیا داگیربکات

"ئەگەر کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان رووینەدابووایە هەرگیز رووسیا زاتی هێرشکردنی نەدەکرد"
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هه‌ولێر:

لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا، دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئەوەی زیاتر ڤلادیمێر پوتنی هانداوە بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا، کشانەوەی خێرای ئەمەریکا بوو لە ئەفغانستان، دەشڵێت ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمەریکا بووایە هەرگیز وڵاتەکەی بەو شێوەیە بێهێز نەدەبوو و رووسیاش زاتی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیای نەدەكرد.

ترەمپ لە دیمانەکەی لەگەڵ فۆکس نیوزی ئەمه‌ریکی باس لەوەش دەکات، کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان جێگەی شۆک بووە و نە دەبووایە روویبدابووایە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکاش بە خراپترین کشانەوە لە مێژوو وەسف دەکات.

هەروەها سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گوتی: سەرۆکانی رووسیا و چین لە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان چاوچنۆکیان زۆر زیاتر بووە و دەشڵێت پوتن دەیەویست گفتوگۆ بکات، بەڵام کە بینی سووپای ئەمەریکا کشایەوە و چەک و جبەخانە بە بڕی 85 ملیار دۆلار بۆ تاڵیبان بەجێهێڵكرا، پوتینیش ئازایەتی زیاتری بۆ پەیدابووە.