قایمقامی ناوەندی هەولێر: رۆژانە گلەیی و گازاندەمان لەبارەی نرخی وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ دێت

"رێگە نادەین خەڵک شۆستە وەک گەراج بەکاربهێنێ"
دیمەنێکی شاری هەولێر - فۆتۆ: AFP
دیمەنێکی شاری هەولێر - فۆتۆ: AFP

K24 – هەولێر

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەولێر هەڵمەتێک بۆ رێکخستنەوەی شەقام و شۆستەکان دەستپێدەکات و قایمقامی ناوەندی هەولێریش رایدەگەیەنێت، رۆژانە گلەیی و گازاندەیان لەبارەی نرخی وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ دێت و لەمەودواش رێگە نادەن خەڵک شۆستە و شەقامەکان وەک گەراج بەکاربهێنێ.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بڕیار بۆ رێکخستنەوەی شار و هەڵگرتنی ئەو زێدەڕۆیانە دراوە کە لەسەر شۆستە و شەقامەکان هەیە، لە ئەمڕۆوە هەڵمەتێک بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان لە سنووری هەر شەش شارەوانی سنووری قەزای ناوەندی هەولێر دەستپێدەکات".

گوتیشی: "ئەو دوکان و هۆتێل و مارکێتانەی کەلوپەل لەبەردەم دوکانەکانیان دادەنێن و شەقام و شۆستەکان دەگرن، ئاگادار دەکرێنەوە، هەر کەسێک پابەند نەبێت ئیجرائاتی لەگەڵ دەکرێت، شوێن هەیە شۆستەی زۆر بەرینە، بەڵام بەهۆی دانانی کەلوپەل گیراوە".

قایمقامی ناوەندی هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد: "رۆژانە گلەیی و گازاندەی هاووڵاتییانمان بۆ دێت لەبارەی پارکەکانی وەستانی ئۆتۆمبێل (گەراج)، نرخی وەستانی ئۆتۆمبێل لەو پارکانە دیار کراوە، نرخی گەراجەکانی سەریان داپۆشراوە نرخی 2 هەزار دینارە و ئەوانی دیکە نرخەکەیان هەزار دینارە، بەڵام بەشێک لە خاوەن گەراجەکان پابەند نەبوونە، لەمەودوا دەبێ هەموویان نرخەکان لە تابلۆیەک هەڵواسن، تیمەکانی شارەوانی بەدواداچوون دەکەن، هەر کەسێک پابەند نەبێت بەو نرخانە ئیجرائاتی لەگەڵ دەکرێت و بەپێبژاردن و سزای تر رووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێت".

راشیگەیاند: "هەندێک کەس شۆستەکان وەک گەراج بەکاردێنن، لەمەودوا رێگەیان پێنادرێت".