له‌ 19 ساڵدا 74 دادوه‌ر له‌ عێراق كوژراون

"ناسه‌قامگیریی عێراق به‌هۆی میلیشیاكانه‌وه‌یه‌"
نمایشی سه‌ربازیی میلیشیاكانی عێراق
نمایشی سه‌ربازیی میلیشیاكانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

دۆخی ناسەقامگیری عێراق لە کاتێکدایە، کە تەنانەت دەست بۆ رۆحی دادوەرەکانیش دەبرێت، لە ماوەی 19 ساڵی رابردوودا، 74 دادوەری عێراقی کوژراون، ئەمەش ئاماژەی گەورەیە بۆ ئەوەی عێراق بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕێت و مەترسییەکان لە چ ئاستێکدان.

محەمەد شەهاب، یاساناس، هۆکارەکەی بۆ بوونی ئەم میلیشیایانە دەگەڕێنێتەوە، کە هەر هێزێکی سیاسی خاوەنی گرووپێكە و فەرمان لە ھێزە سیاسییەكان وەردەگرن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێداچوونه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو هێزه‌ میلیشیایانه‌ بكات.

ترساندن و تیرۆرکردنی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی دەوڵەت لە عێراق زیاتر نەبووبێت، کەمتر نەبووە، لەگەڵ گەشەی گرووپە میلیشیاکان بەهەمان شێوە رووداوەکانیش زیاتر بوونە، لە چەند ساڵی رابردوودا، چەندین چالاکوانی مەدەنی و شرۆڤەکاری یاسایی کرانە ئامانج.

خدر مەنتک، پەرلەمانتاری عێراق ئاماژە بەوەدەکات، ئەرکی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقە، چارەسەر ئەم ئاڵۆزییانەی عێراق بکات، رێگه‌ نه‌دات میلیشیاكان ره‌وشی عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌ بێت و مه‌ترسی له‌سه‌ر سه‌قامگیری درووست بكه‌ن.

ئەوەی بۆ هاووڵاتیانی عێراق بووەتە پرسیار، هیچ کاتێک بکوژ و بکەری رووداوەکان دەستگیر ناکرێن، تەنانەت هێرشکرایە سەر ماڵی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمەش ئاماژەی گەورەن کە عێراق بەرەو ئاقارێکی خراپدا دەڕوات ئەگەر رێگه‌ی لێنەگیرێت.