رزگاربووانی دەستی عەدنان ئۆکتار باس لە تاوانەکانی دەکەن

ژیان لەنزیک عەدنان ئۆکتارەوە چۆن بووە؟
عەدنان ئۆکتار و بەشێک لەو ژنانەی لە گرووپەکەیدا بوون
عەدنان ئۆکتار و بەشێک لەو ژنانەی لە گرووپەکەیدا بوون

K24 - هەولێر:

عەدنان ئۆکتار ئەو کەسەی لە تورکیا وەك بانگخوازەێکی میانڕەو خۆی دەناساند و کچانی گەنجی لە دەوروبەری خۆی کۆدەکردەوە، کە دواتر بە چەند تۆمەتێکی جیاواز سزای زیندانی هەتا هەتایی درا، رزگاربووانی دەستی ئەم پیاوە باس لە بەشێک لە تاوانەکانی دەکەن.

چەند ژنێكی رزگاربووی دەستی عەدنان ئۆکتار قسەیان بۆ وێبسایتی "the Sunday Times" کردووە و چیرۆکی خۆیان و تاوانەکانی ئەو بانگخوازەیان گیڕایەوە.

یەکێک لەو ژنانە باسی لەوە کرد، لە تەمەنی 16 ساڵیدا لەلایەن عەدنانەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر و لە تەمەنی 20 ساڵیدا بەبێ بەنج نەشتەرگەری جوانکاری لووتی بۆ کراوە، ئەو ژنە دەڵێت ئێستاش ئەو کەلوپەلە پزیشکیانەم لەبیرە کە نەشتەرگەریەکەیان پێئەنجامدا.

عەدنان ئۆکتار پێش دەستگیرکردنی
عەدنان ئۆکتار پێش دەستگیرکردنی

سیدە ئیسیلدەر (50 ساڵ)، قوربانیەکەی دیکەی دەستی عەدنان ئۆکتار، گوتی "لە ساڵی 1987ـدا لە تەمەنی 15 ساڵیدا پەیوەندیم بە گرووپەکەی عەدنان ئۆکتارەوە کرد، هێشتا تەمەنی 18 ساڵیم تێنەپەڕاندبوو عەدنان ناچاری کردم هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم کە ئەوکاتە ئەو تەمەنی سەروو 30 ساڵ بوو، دوای هەشت ساڵ لەو ژیانە ناخۆشە ‌هەڵاتم و چوومە کەنەدا."

لە ساڵی 2006 ژنێکی دیکە بەناوی سیلان ئۆزگول لە تەمەنی 24 ساڵیدا چووە پاڵ گروپەکە و بوو بە یەکێك لە دیارترین ئەندامانی گروپەکە، تا ئەو کاتەی ڕۆیشت و سکاڵای یاسایی لە دژی ئۆکتار تۆمار کرد، سیلان ئۆزگول ژیان لەنێو گرووپەکەی عەدنان ئۆکتار وەك زیندانێك وەسف دەکات.

عەدنان ئۆکتار لەگەڵ خێزانی هاوڕێیەکی
عەدنان ئۆکتار لەگەڵ خێزانی هاوڕێیەکی

عەدنان ئۆکتار لە ساڵی 2018 بە تۆمەتی رفاندن و دەستدرێژی سێکسی دەستگیر کرا، ، لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2020، دادگای باڵای تاوانی ئیستانبوڵ سزای مانەوەی لە زیندان بۆ هەتا هەتایی بەسەردا سەپاند.

ساتی دەستگیرکردنی عەدنان ئۆکتار (64 ساڵ)
ساتی دەستگیرکردنی عەدنان ئۆکتار (64 ساڵ)

بەگوێرەی دۆسیەکەی، عەدنان ئۆکتار تاوانبارە بە دروستکردنی رێکخراوی تاوانکاری، دەستدرێژی سێکسی، ئەشکەنجە، بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، تەزویرکردن و چەندین تاوانی دیکە.

جیا لە عەدنان ئۆکتار خۆی، دادگا سزای زیندانیی 12 ساڵی  بەسەر چەند ئەندامێکی رێکخراوەکەیدا سەپاند.

عەدنان لە تورکیا خاوەنی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی بووە و ناوی خۆی ناوە "هارون یەحیا"، لە کەناڵەکەیدا وتاری دەدا و چەندین کچ و ژن کە بە "پشیلەکان" ناوی دەبردن لە چواردەوری خۆی دەردەکەوتن و سەمایان دەکرد.

H.H