گۆڕان هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند

"پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکرێت"
ئاڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
ئاڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

K24 – هەولێر

شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە، رێکخەری ژووری پەرلەمان لە بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکرێت.

کاردۆ محەمەد، رێکخەری ژووری پەرلەمان لە بزووتنەوەی گۆڕان بە میدیاکانی راگەیاند: "لە رووی یاساییەوە سەرۆکایەتی هەرێم پەیوەندیدارە بەوەی رۆژی هەڵبژاردن دیار بکات".

گوتیشی: "بزووتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، هەڵبژاردن وادەی خۆیدا بکرێت، بەڵام یاساکە لە خزمەتی بەهێزکردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دا بێت".

راشیگەیاند: "ئێمە پێمانوایە دەبێ یاسای هەڵبژاردن بەشێوەیەک بێت، کە خەڵکی خاوەن بڕیاری سیاسی بێنە ناو پەرلەمان، بۆ ئەوەی پەرلەمان بەهێزبێت".

سەبارەت بە پرسی دەستووری، کاردۆ محەمەد ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبووەنەوەیاندا لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتی هەرێم جەخت لەوە کراوەتەوە، کە دەستوورێکی هاوچەرخ و دیموکراتی بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە.

ئەمڕۆ دووشەممە 14/2/2022، شاندێکی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان لە بارەی نووسینەوەی دەستوور و ھەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد.

شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و دڵشاد شەھاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێم.

دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دڵشاد شەھاب رایگەیاند: "دەمانەوێت هاوکاربین، بۆ ئەوەی لە رووی یاسایی و هونەری هەرێمی کوردستان ئامادەسازی بکات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو".