یانهی زاخۆ ههشتهمین سهركهوتنی له خولی نایابی عێراق تۆمار كرد
زاخۆ دوای بهرامبهربوونێك و دۆڕانێک لە خولی نایابی عێراق بە سەرکەوتن شاد بووە و له دهرهوهی یاریگهی خۆی شكستی به یانهی کەرخ هێنا.
ئێوارهی ئهمڕۆ دووشهممه، (14 شووباتی ـ فێبرایهری 2022) لە گەڕی بیست و یەکەمینی خولی نایابی عێراق زاخۆ لە بەغدا بووە میوانی یانەی کەرخ.
زاخۆ لە دوو گەڕی رابردوو ئەنجامەکانی خراپ بوون، بەرامبەر نەفتی میسان یەکسان بوو و لە دێربی کوردستانیش بەرامبەر نەورۆزی سلێمانی دۆڕا.
زاخۆ دەرفەتی لەبەردەم بوو بۆ ئەوەی ئەم یارییە بباتەوە و بە سەرکەوتنەکان شاد ببێتەوە، بەتایبەت لە کاتێکدا رکابەرەکەی لە دۆخێکی خراپە و لە خانەی دابەزین بۆ خولی پلەیەک دەبینرێت، هەرچەندە ئەم یانەیەش هەوڵی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە دەدات و نایەوێت وەرزی داهاتوو لە خولی پلەیەک بێت.
سەرەڕای هەوڵەکانی هەردوولا، بەڵام نیوهی یهكهمی یاریی كهرخ و زاخۆ بە یەکسانبوون و بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەم زاخۆ باشتر دەرکەوت و ئەنجامی یارییەکەی گۆڕی و بە گۆڵی یەکەم پێشکەوت، فرانک سیدریکی کامیرۆنی لە دەستپێکی ئەم نیوەیە گۆڵی پێشکەوتنی زاخۆی کرد.
راهێنەری زاخۆ گۆڕانکاری کرد و لە خولەکی 59 ڤیتۆری بەڕازیلی شوێنی عیماد موحسینی گرتەوە، دواتر لە خولەکی 70 كهرخ هەڕەشەیەکی پڕ مەترسی كرده سهر گۆڵی زاخۆ، بەڵام عیماد عیسای گۆڵپارێز بەرپەرچی دایەوە.
لە خولەکی 78 کەرخ گۆڵی کرد و یاریزانان ئاهەنگیان گێڕا بەڵام گۆڵەکە دروست نەبوو بە ئۆفساید هەژمار کرا.
کەرخ هەموو هەوڵێکیدا بۆ راستکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە و فشاری لەسەر گۆڵی میوانەکەی دروست کرد، بەڵام کوڕانی خابور بەرپەرچیان دانەوە.
دواجار یارییەکە کۆتایی هات و زاخۆ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی لە کەرخ بردەوە و هەشتەمین سەرکەوتنی لەم وەرزە تۆمار کرد.