60 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کردووە

"ناوەکان رەوانەی دەستەی دەسپاکی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەکرێن"
كۆشكی سه‌لام (كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار) له‌ به‌غدا
كۆشكی سه‌لام (كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار) له‌ به‌غدا

K24 – هەولێر

دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کرایەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە خۆیان کاندید کردووە بوو بە 60 کەس.

بەیدا خزر، بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم دەرگای خۆکاندیدکردن کرایەوە، ژمارەی کاندیدان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بۆ 60 کەس بەرزبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی یاسایی پەرلەمان، وردبینی بۆ ناوی کاندیدەکان دەکات و پاشان لیژنەیەکی دیکەی تایبەتمەند پێداچوونەوە بە ناوەکان دەکات، پاشان دەنێردرێنە دەستەی دەسپاکی و لەوێووە بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری.

بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند، هێشتا وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاری نەکراوە.