کازمی داوایەک لە سەدر دەکات

"چەند لایەنێک پشتیوانیم لێدەکەن"
موقتەدا سەدر - مستەفا کازمی - 14/2/2022 - حەنانە - نەجەف
موقتەدا سەدر - مستەفا کازمی - 14/2/2022 - حەنانە - نەجەف

K24 - هەولێر

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوا لە موقتەدا سەدر دەکات، بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ کاندیدی بکات.

رۆژی دووشەممە 14/2/2022، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ نەجەف، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە حەنانە و لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و دۆخی ئێستای وڵات گفتوگۆیان کرد، سەدر جارێکی دیکە دروشمی "نە رۆژهەڵاتی نە رۆژئاوای، حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی" دووپاتکردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیاری چەند میدیایەکی عێراقیش، کازمی داوای لە سەدر کردووە، بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو کاندیدی بکات.

هەر بەپێی زانیارییەکان کازمی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەدر، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، پارتی و هاوپەیمانی سیادەی سوننە و بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوکات ئێران و زۆربەی وڵاتانیش پشتیوانی لێدەکەن، سەدریش پێیگوتووە "یەکێکی لە کاندیدەکان، بەڵام جارێ روون نییە چی روودەدات".