شرۆڤه‌كارێكی سیاسی: به‌غدا به‌ قه‌رزی كۆندا ده‌چێته‌وه‌

"له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ی زیان له‌و بڕیاره‌ ده‌كات، قوت و سفره‌ی خه‌ڵكه‌"
دادگای فیدراڵی عێراقی
دادگای فیدراڵی عێراقی

K24- هه‌ولێر:

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی رایده‌گه‌یه‌نێت، عێراق به‌ ده‌فته‌ری كۆندا ده‌چێته‌وه‌، دوای ده‌ ساڵ سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر نه‌وت و غازی كوردستان ده‌جوڵێنێت.

كه‌مال ره‌ئوف، شرۆڤه‌كاری سیاسی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاند، عێراق دوای ده‌ ساڵ سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر نه‌وت و غازی كوردستان ده‌جوڵێنێت، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی به‌هه‌ر هۆكارێك بێت، ناكرێت پێی دڵخۆش بین.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌ راشیگه‌یاند، نائومێدی به‌ حزبه‌كان نابێت به‌ دژایه‌تی خه‌ڵك كۆتایی بێت، چونكه‌ له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ی زیان له‌و بڕیاره‌ ده‌كات، قوت و سفره‌ی خه‌ڵكه‌ نه‌ك گیرفانی حزب.

دادگای فیدراڵی عێراقی ئه‌مڕۆ 15ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2022 بڕیارێكی سیاسی له‌ ژێر كاریگه‌ری ده‌ره‌كی دژی حكومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان ده‌ركرد.

دادگای فیدراڵی عێراق یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستانی ژماره‌ 22ـی ساڵی 2007ـی به‌ ناده‌ستووری له‌قه‌ڵه‌مدا، كه‌ كاریگه‌ری بۆ سه‌ر قووت و سفره‌ی خه‌ڵك دروست ده‌كات.

بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای فیدراڵی، لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانە بوو کە لە ساڵی 2012 و 2019 لە دژی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.