محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق شەڕە دژی هەرێمی کوردستان

کورد خۆی بڕیار لە داهاتی ژێر زەمین و سەر زەمینی خۆی دەدات، نەك نەتەوەیەك کە هیچ پەیوەندییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و نیشتیمانی بە کوردەوە نییە
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان بڕیاری ئه‌مڕۆی دادگای فیدراڵی عێراقی به‌ راگه‌یاندنی شه‌ڕ له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان وه‌سف كرد و دووپاتی كرده‌وه‌، دادگای عێراق دادگایەکی عەرەبی عێراقییە و کاریگەری شۆڤێنیەت و رەگەزپەرستی عەرەبی و هێزە سیاسییە عەرەبییەکانە.

سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی جه‌ختیشی كرده‌وه‌، کورد خۆی بڕیار لە داهاتی ژێر زەمین و سەر زەمینی خۆی دەدات، نەك نەتەوەیەك کە هیچ پەیوەندییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و نیشتیمانی بە کوردەوە نییە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵ سه‌باره‌ت به‌ یاسای نه‌وت و غاز:

ئەمڕۆ دادگایەك بە ناوی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە کە دادگایەکی عەرەبیە لە دووری کوردستانەوە بڕیارێکی دژی کوردستان داوە، کورد نەتەوەیەکی جیاوازە، کورد عەرەب نییە، کورد سامی نییە، کورد میلەتێکە و نەتەوەیەکی سەربەخۆ و خاوەنی خاك و مێژووە و خاوەنی جل و بەرگ و رەنگ و نەریتی کوردایەتی تایبەت بە خۆیەتی، بۆیە کەس وارسی کوردی نییە و کورد خاوەنی کەسێتی خۆیەتی، بۆیە دادگای عێراق دادگایەکی عەرەبی عێراقییە و کاریگەری شۆڤێنیەت و رەگەزپەرستی عەرەبی و هێزە سیاسییە عەرەبییەکانە.

کورد خۆی بڕیار لە داهاتی ژێر زەمین و سەر زەمینی خۆی دەدات، نەك نەتەوەیەك کە هیچ پەیوەندییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و نیشتیمانی بە کوردەوە نییە، رەنگە ئەو بڕیارە ئەو دادگایە لە کۆنەوە لە کەمیندا بێت بۆ کورد و چاوی بە ئازادی ئەو نیمچە سەربەخۆییەی کوردا نایەت، بەڵام رەنگە یارمەتیدەر یان هەندێك لایەن وەك تابوری پێنجه‌م دژی کوردستان بەکاریان دەهێنن، هەروەها ناکۆکییەکانی ئەو دوایەی سەرۆك کۆمار ئەو دادگا عەرەبییە بە فرسەتی بزانێت و بڕیارێکی 10 ساڵ پێش ئێستا ئەمڕۆ دەربکات.

هەموو رێگاکان و داهاتی ژێر زەوی و سەر زەوی هی کوردستانە و هی کوردە و کەس بۆی نییە لە دەرەوە لە جیاتی کورد قسە بکات و بیر بکاتەوە لەو بڕیارە کاڵ و کرچە بەپەلەیەی دادگای عێراق.

ئەوە بڕیاری شەڕە دژی هەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە ئاوڕێك لە رابردووی رژێمەکانی پێشووی عێراق بدەنەوە، کە دژی کورد بوون و چیان بەسەرهات ئەمانیش لەوان باشتر نابن.

من خۆم لە کۆنەوە چاوەڕێی بڕیاری لەو جۆرە و لەوەش زیاتر بڕیاری ئەو دادگایەم، کە شتێك نییە بە ناوی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە لای ئەوان.

رژێمێک نیەت و هەوڵی بڕینی موچە و بودجە و بە داگیرکردنی کوردستان و شێلانی پێشمەرگە بە دەبابە لە کەرکووك و ناوچەکانی دیکەی کوردستان لە ناو بەرێت، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت، بۆیە بە توندی هەموو ئەوانە رەت دەکەینەوە و داوا لە لایەنە سیاسیەکان دەکەم چیتر ملکەچ و چاوەڕێی بەغدای جێگای بڕیاری کوشتن و ئەنفال و کیمیاباران و زیندەبەچاڵ و وێرانکردنی زیاتر لە 4500 گوندی کوردستان نەبن.

‏‎محەمەد حاجی مەحمود

15/2/2022

‏‎ئەڵمانیا