نێچیرڤان بارزانی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات

په‌يامێك له‌ نێچيرڤان بارزانييه‌وه‌
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان

K24 – هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر دۆسيه‌ى نه‌وت و گاز ئاڵۆزتر ده‌كات.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی:..

لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم هاتووە: "پێمانوايه‌ ئه‌م بڕياره‌ى دادگاى باڵاى فيدراڵى كه‌ پشتى به‌ ياسايه‌كى سه‌رده‌مى رژێمى پێشوو به‌ستووه‌، بنه‌ماكانى فيدراڵى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى پشتگوێ خستووه‌ و له‌گه‌ڵ گيانى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵيدا نايه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌رزى واقعيش قابيلى جێبه‌جێكردن نابێت".

نێچیرڤان بارزانی، راشیگەیاند: "پێمانوايه‌ دادگاى باڵاى فيدراڵى له‌ جياتى ئه‌م بڕياره‌، ده‌بوايه‌ بڕيار بدات كه‌ حكومه‌تى فيدراڵی عێراق له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ده‌ستوور له‌سه‌ر كێشه‌كان و پرسى نه‌وت و گاز بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراقدا بێت".

لە بەشێکی دیکەی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەکراوە: "چاوه‌ڕوانيمان له‌ دادگاى باڵاى فيدراڵيى عێراق هه‌يه و داوا ده‌كه‌ين پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕياره‌كه‌يدا بكات و بنه‌ماكانى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵى ره‌چاو بكات، بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌ ياسايى و ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پێشێل نه‌كرێن و نه‌بنه‌ هۆى ئاڵۆزبوونى زياترى دۆخى سياسى".

له‌ كاتێكدا عێراق به‌ دۆخێكى ئاڵۆزى سياسيدا تێده‌په‌ڕێت، به‌داخه‌وه‌ بڕيارێكى دادگاى باڵاى فيدراڵيى عيراق كه‌ ياساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان به‌ ناده‌ستوورى داده‌نێت، هه‌رێمى كوردستانى تووشى نيگه‌رانييه‌كى گه‌وره‌ كرد.

پێمانوايه‌ ئه‌م بڕياره‌ى دادگاى باڵاى فيدراڵى كه‌ پشتى به‌ ياسايه‌كى سه‌رده‌مى رژێمى پێشوو به‌ستووه‌، بنه‌ماكانى فيدراڵى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى پشتگوێ خستووه‌ و له‌گه‌ڵ گيانى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵيدا نايه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌رزى واقعيش قابيلى جێبه‌جێكردن نابێت.

ئه‌م بڕياره‌ هه‌روه‌ها كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر دۆسيه‌ى نه‌وت و گاز ئاڵۆزتر ده‌كات كه‌ به‌ درێژاييى ساڵانى رابردوو هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنيان دراوه‌ و له‌ چه‌ند قۆناغێكدا هه‌نگاوى به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردن هه‌ڵێناوه‌.

پێمانوايه‌ دادگاى باڵاى فيدراڵى له‌ جياتى ئه‌م بڕياره‌، ده‌بوايه‌ بڕيار بدات كه‌ حكومه‌تى فيدراڵى عيراق له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ده‌ستوور له‌سه‌ر كێشه‌كان و پرسى نه‌وت و گاز بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراقدا بێت.

چاوه‌ڕوانيمان له‌ دادگاى باڵاى فيدراڵيى عێراق هه‌يه و داوا ده‌كه‌ين پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕياره‌كه‌يدا بكات و بنه‌ماكانى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵی ره‌چاو بكات بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌ ياسايى و ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پێشێل نه‌كرێن و نه‌بنه‌ هۆى ئاڵۆزبوونى زياترى دۆخى سياسى كه‌ زيان به‌ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى عێراق به‌گشتى ده‌گه‌يه‌نێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2022/2/15