ئاسایشی هەولێر و دژەتیرۆری کوردستان بازرگانێکی رووسی رزگار دەکەن

لە بەرامبەر ئازادکردنی داوای 200 هەزار دۆلار لە خانەوادەکەی دەکەن
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئەو بازرگانە رووسییەی لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێنرابوو، کە بۆ ئازادکردنی داوای سەرانەی 200 هەزار دۆلار لە خانەوادەکەی کرابوو، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئاسایشی هەولێر و دژەی تیرۆری کوردستان، توانرا بازرگانەکە لە ماوەیەکی کەمدا بە سەلامەتی رزگار بکەن و تەواوی ئەندامانی باندە رفێنەرەکەش دەستگیر بکەن، وردەکارییەکانی رووداوەکە و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکە لە بەرنامەی شوێنپەنجەی کوردستان24 پەخش دەکرێت.

بازرگانێکی رووسی بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری بازرگانی، لەگەڵ چەند کەسێک لە بەغداوە سەردانی شاری هەولێر دەکات، بەڵام لەلایەن ئەو کەسانەوە دەڕفێندرێت و بێسەروشوێن دەکرێت.

گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر ئاشکرای دەکات، لەسەر داوای حکومەتی رووسیا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێزێکی هاوبەشی ئاسایشی هەولێر و دژەتیرۆر راسپارد کە بازرگانە رووسەکە رزگار بکەن و تەواوی ئەندامانی گرووپەکەش دەستگیرکراون.

دوای چەند رۆژێک لە رفاندنی بازرگانەکە ئەندامانی گرووپەکە پەیوەندی بە خانەوادەکەیەوە دەکەن و لە بەرامبەر ئازادکردنیشیدا داوای سەرانەی 200 هەزار دۆلار دەکەن، خانەوادەکەی بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەنووسی، حکومەتی وڵاتەکەیان لە رفاندنەکە ئاگادار دەکەنەوە، حکومەتی رووسیاش  لە رێگەی کونسوڵی وڵاتەکەی لە هەولێر، داوای لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە هاوکارییان بکەن، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی ناوخۆ هێزێکی هاوبەشی ئاسایشی هەولێر و دژەتیرۆر بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی رفێندراوەکە و دەستگیرکردنی گرووپەکە رادەسپێرێت.

سەباح خدر، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی بازرگانە رووسەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ هێزێکی هاوبەشی ئاسایشی هەولێر و دژەتیرۆر پێکهێنا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کەمتر لە 48 کاتژمێر لە دوای پەیوەندییەکەی  کۆنسوڵ ، توانرا بازرگانەکە بە سەلامەتی رزگار بکەن و تەواوی ئەندامانی گرووپەکەش دەستگیر بکرێن.

وردەکاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە و چۆنییەتی رزگارکردنی بازرگانەکە و دەستگیرکردنی گرووپەکە کاتژمێر 21:30 خولەکی ئەمشەو 17/2/2022، لە بەرنامەی شوێنپەنجەی کوردستان24 پەخش دەکرێت.