زیاتر لە 240 ناوەندی وەبەرھێنان و كارگە لە كرماشان دادەخرێن

K24 - ھەولێر

لە پارێزگای كرماشانی رۆژھەڵاتی كوردستان 240 ناوەندی وەبەرھێنان و كارگەی بچووك داخراون و بەشێكیشیان بە تەواوەتی مایەپووچ بوونە.

ئەسەدوڵڵا رازانی، پارێزگاری كرماشان بە ھەواڵدەری مێھری ئێرانی راگەیاند كە، دۆخی وەبەرھێنان و كارگەكانی كرماشان لە قەیرانێكی گەورەدایە و تاكو ئێستا 240 ناوەندی وەبەرھێنان و كارگەی بچووك لەو پارێزگایە داخراون.

بەگوتەی رازانی نەبوونی بازاڕ و پێشکەشنەکردنی هاوکاری لە لایەن حکوومەتەوە بووەتە ھۆكاری مایەپوچبوونی ژمارەیەكی زۆر لە وەبەرھێنەرانی پارێزگاكە.

پارێزگاری كرماشان داوا لە حكوومەتی ئێران دەكات لەسەر بنەمای ئابووری ئاورێكی جیدی لە كرماشان بداتەوە.