سه‌رۆكی ئۆكرانیا: پێویستمان به سوپای وڵاتان نییه
K24- هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئۆكرانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاته‌كه‌ی پێویستی به‌وه نییه سوپا و ئاڵای وڵاتانی بێگانه له خاكه‌كه‌یدا هه‌بن. گوتی: "خۆمان به‌رگری له وڵاتمان ده‌كه‌ین".
ڤلادیمێر زیلنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا بۆ سایتی (RBK)ـی ئۆكرانی رایگه‌یاند، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رووسیا، وڵاته‌كه‌ی پێویستی به سوپای هاوپه‌یمانان نییه.
زیلنسكی راشیگه‌یاند، "پێویستمان به‌وه نییه سه‌ربازان و ئاڵای وڵاتانی بێگانه له‌سه‌ر خاكه‌كه‌مان هه‌بێت".
سه‌رۆكی ئۆكرانیا داواش ده‌كات مۆسكۆ هۆكاری داگیركردنی ئه‌و وڵاته بخاته روو.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له مۆسكۆ رایگه‌یاند، ده‌سه‌ڵاتدارانی رووسیا بارێت گۆرمان، جێگری باڵیۆزی وڵاته‌كه‌یان له مۆسكۆ ده‌ركردووه و جه‌ختیكرده‌وه، رێكاره‌كان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی رووسیا تاوتوێ ده‌كه‌ین.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، جاسۆن ریبهۆڵز، گوته‌بێژی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له مۆسكۆ گوتی: "ده‌توانین له‌وه دڵنیا بینه‌وه كه رووسیا بارت گۆرمان، جێگری نێرده دیپلۆماسییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ركردووه، كه دوای باڵیۆز، دووه‌م به‌رپرسی باڵای باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكایه له رووسیا".
ریبهۆڵز دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌مه‌ریكا ده‌ركردنی جێگری باڵیۆزخانه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی رووسیاوه به هه‌نگاوێك به‌ره‌و گرژتركردنی دۆخه‌كه ده‌زانێت و تاوتوێی رێكاره‌كانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مۆسكۆ ده‌كه‌ین.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه به‌ر له چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌هۆی هه‌وڵه‌كانی ئۆكرانیا بۆ ئه‌ندامبوون له هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی، رووسیا نزیكه‌ی 150 هه‌زار سه‌ربازی خۆی گواستووه‌ته‌وه سه‌ر سنووره‌كانی ئه‌و وڵاته، به گوته‌ی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپاش، رووسیا بۆ رێگریكردن له‌و هه‌نگاوه‌ی ئۆكرانیا، ئه‌و ژماره‌ی زۆره‌ی سه‌رباز و چه‌ك و پێداویستیی سه‌ربازی بۆ داگیركردنی خاكی ئۆكرانیا گواستووه‌ته‌وه ئه‌و ناوچه‌یه.
هه‌رچه‌ند به‌ر له دوو رۆژ رووسیا كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سه‌ر سنووری ئۆكرانیا بۆ شوێنه ره‌سه‌نه‌كانی راگه‌یاند، به‌ڵام به گوته‌ی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی مۆسكۆ راست نییه و دوای ئه‌و راگه‌یاندنه‌ش، له بری كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سه‌ر سنووری ئۆكرانیا، زیاتر له 7 هه‌زار سه‌ربازی دیكه‌شی گواستووه‌ته‌وه سه‌ر سنوور.
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و له‌شكركێشیه‌ی رووسیاش، ناتۆ ژماره‌ی هێزه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا زیاد كردووه، ئه‌مه‌ش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێكی چاوه‌ڕوانكراو، له لایه‌ن رووسیاوه بۆ سه‌ر خاكی ئۆكرانیا.
له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌شدا جه‌نگێكی میدیایی له نێوان رووسیا له لایه‌ك و ئه‌مه‌ریكا و به‌شێك له وڵاتانی ئه‌وروپا له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ڵگیرسا و پێشبینییه‌كان بۆ هێرشی رووسیا له كاتژمێره‌كانی سفر نزیك بببونه‌وه، به‌ڵام تا ئێستاش مۆسكۆ ره‌تی ده‌كاته‌وه هیچ نیازێكی بۆ داگیركردنی خاكی ئۆكرانیای هه‌بێت.
جیا له‌وه، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، "جۆ بایدن" ده‌ڵێـت: مه‌ترسی داگیركردنی ئۆكرانیا له لایه‌ن رووسیاوه "زۆر جدییه".
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (17ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا "جۆ بایدن" به‌ر له‌وه‌ی كۆشكی سپی به‌ره‌و ویلایه‌تی "ئۆهایۆ" به‌جێبهێڵێت، گوتی: مه‌ترسی له‌شكركێشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا "زۆر جدییه".
"بایدن" گوتیشی: ره‌نگه هێرشه‌كه‌ی رووسیا له چه‌ند رۆژی داهاتوودا رووبدات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "به نیاز نییه" په‌یوه‌ندی به هاوتا رووسه‌كه‌ی، "ڤلادیمێر پوتن"ـه‌وه بكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، "بایدن" گوتی: هه‌موو ئه‌و ئاماژانه‌ی به‌رده‌ستمان كه‌وتوون، "به‌ڵگه‌ن" له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رووسه‌كان ئاماده‌ن بچنه ناو خاكی ئۆكرانیاوه.
پێشتر "بایدن" چه‌ند جارێك هۆشداری دابوو له مه‌ترسی داگیركردنی ئۆكرانیا له لایه‌ن رووسیاوه.
له به‌رامبه‌ردا، سه‌رۆكی رووسیا، "ڤلادیمێر پوتن" دڵنیایی داوه، كه به نیاز نییه هێرش بكاته سه‌ر ئۆكرانیا.