ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له دۆنیتسك روویدا
K24- هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌ی پۆلیسی كۆماری دۆنیتسكی میللی له باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا كه تاكلایه‌نه خۆی راگه‌یاندووه، رایگه‌یاند، له ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له ناوه‌ڕاستی شاری دۆنیتسك رزگاریبوو.
نوێنه‌رایه‌تی كۆماری دۆنیتسك له ناوه‌ندی چاودێری و هه‌ماهه‌نگیی سیسته‌می وه‌ستاندنی شه‌ڕ، له به‌یاننامه‌یه‌كدا له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه گوتی: ته‌قینه‌وه‌كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له وێستگه‌یه‌كی ئۆتۆمبێل له‌به‌رده‌م باره‌گای حكومه‌تی خۆجێیی دۆنیتسك روویداوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ته‌قینه‌وه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك به‌هێز بوو، له سه‌رانسه‌ری ئه‌و شاره گوێبیستی ده‌نگه‌كه‌ی بوون و ده‌ستبه‌جێ تیمی وه‌زاره‌تی فریاگوزاری گه‌یشتنه شوێنی رووداوه‌كه.
له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئینته‌رفاكسی رووسی، دینیس سینینكۆڤ، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی كۆماری دۆنیتسك گوتی: ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ی ته‌قێنراوه‌ته‌وه هی هێزه‌كانیان بوو، به‌ڵام له رووداوه‌كه‌دا هیچ زیانێك به‌و نه‌گه‌یشتووه.
به‌گوێره‌ی میدیاكانی رووسیا، ئێستا شاره‌زایانی بواری ته‌قه‌مه‌نی سه‌رقاڵی پشكنینی ئۆتۆمبێلێكی دیكه‌ن له به‌رده‌م باره‌گای حكومه‌ت له‌ناوه‌ڕاستی دۆنیتسك.
تا ئێستاش هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی زیانه گیانییه‌كانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه رانه‌گه‌یه‌ندراوه.
ئه‌مه له كاتێكدایه، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسكی میللی، كه هه‌ردووكیان تاكلایه‌نه خۆیان راگه‌یاندووه، بڵاویانكردووه‌ته‌وه، هاووڵاتییه‌كانیان ده‌گوازنه‌وه رووسیا، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ به‌لاوه‌نانی زیانه‌كان له ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێك كه له‌لایه‌ن وڵاتی ئۆكرانیاوه بكرێته سه‌ریان.
ئه‌و راگه‌یاندنه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، كه دۆخێكی ناسه‌قامگیر باڵی به‌سه‌ر دۆنباسدا كێشاوه و هه‌ریه‌ك له حكومه‌تی ئۆكرانیا و هه‌ردوو كۆماره‌كانی دۆنیتسك و لۆگانسك یه‌كتر به پێشێلكردنی رێككه‌وتنی مینسك و سیسته‌می وه‌ستاندنی شه‌ڕ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی به‌رپرسانی رۆژئاوا له هه‌وڵه‌كانیان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی سه‌ر سنووره‌كانی ئۆكرانیا، كه به‌گوته‌ی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا، رووسیا ئاماده‌كاری ته‌واوی بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئۆكرانیا كردووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نزیكه‌ی 150 هه‌زار سه‌رباز و ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌ك و كه‌لوپه‌ل و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازییان له‌سه‌ر سنووری ئۆكرانیا جێگیركردووه، له به‌رامبه‌ریشدا رووسیا به‌رده‌وام ره‌ت ده‌كاته‌وه، كه هیچ نیازێكی بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئۆكرانیای هه‌بێت.
H.B