بەهای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دابەزی

بەهای بیتکۆین بۆ ژێر 40 هەزار دۆلار دابەزی

K24 - هەولێر

لە دوایین مامەڵەکانی دوێنێ هەینییدا بەهای دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی دابەزین، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی نادڵنیاییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەهای پشکەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین.

ئەوەش دوای ئەوە دێت لایەنەکانی رۆژئاوا رایانگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی رووسیا راست نەبووە، بەڵکو هێزی زیاتری لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا کۆکردووەتەوە.

بەهای دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی لە دوێنێ شەوەوە دابەزین، بەشێوەیەک بەهای دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین بۆ ژێر 40 هەزار دۆلار دابەزی و بەهای ئیسریۆمیش بۆ ژێر 3 هەزار دۆلار دابەزی.

وەبەرهێنەران هۆکاری داکەوتنی بەهای دراوە ئەلیکترۆنییەکان بۆ گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەک وەبەرهێنەران ترسیان هەیە جارێکی دیکە گرژی لە هەرێمی دۆمباس رووبداتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە هۆکارێکی دیکەی داکەوتنی بەهای دراوە ئەلیکترۆنییەکان، بۆ داکەوتنی سەرجەم پێنوێنی پشکەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، بە تایبەت پێنوێنی ناسداک کە 3%ـی خاڵەکانی دابەزین.