تا دێت جیهان زیاتر هه‌ست به‌ گرنگیی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

"ھەرێمی كوردستان رۆڵی لە دابینكردنی ئاسایشی وزەی جیھاندا دەبێت"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

پسپۆرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، بەشداریكردنی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونش دەبێتە ھۆی دروستكردنی پەیوەندیەكی باش لەگەڵ وڵاتان. هەروەها ھەرێمی كوردستان لە رووی تیرۆر و دابینكردنی ئاسایشی وزەوه‌، رۆڵی لە دابینكردنی ئاسایشی جیھان دەبێت.

بۆ بەشداریكردنی لە گەڕی 58ى كؤنفرانسي ئاسایشی میونشن, سەركردەكانی وڵاتان دەچنە شوێنی بەستنی کۆنفرانسەکە، لە نێویشیان سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆکی حكومەتی كوردستانیش بانگێشتی فەرمی کۆنفراسەکە كراون، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردەكانی جیھان كۆدەبێتەوە و به‌ گوته‌ی سامان سۆران، پسپۆڕی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، بەشداریكردنی ھەرێمی كوردستان لەو کۆنفرانسەدا دەبێتە ھۆی پتەوكردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەمەش ھەنگاوێكی باشی دەبێت لە رووبەڕووبونەوەی تیرۆر، وڵاتانیش لە رووی دیپلۆماسی و ھاوكارییە سەربازیەكانیان بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر فراوانتر بكات و غازی ھەرێمی كوردستانیش رۆڵی دەبێت لە دابینكردنی ئاسایشی وزەی جیھانی.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌باح سوبحی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، پێگەی سیاسی ھەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی جیھان به‌گشتی و تایبەت ئەوروپا و ناوچەكەش به‌ تایبه‌ت گرنگە. بانگێشتكردنی ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا دەرخەری ئەوەیە، كه‌ ھەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیەکی گرنگی هەیە. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، بەشداریكردنی سەرۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت، رۆڵی لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ده‌بێت.

58ـمین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و، ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆك و بەرپرسانی باڵای وڵاتان بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کردووە. له‌و كۆنفرانسه‌دا ئەو بابەتانەی جێی نیگەرانی هەمووانن لەگەڵ کێشە باوەکانی جیهان تاوتوێ دەکرێن. لەوانە بەرگری، تەكنەلۆجیا، خۆڕاگری، تەندروستی و رێكخستنی جیھانی.

H.B