دیدار و کۆبوونەوەکانی مه‌سرور بارزانی لە پەراوێژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەردەوامن

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ هه‌رێمی كوردستان پڕ دیدار و گفتوگۆی گرنگ بووە
یه‌كێك له‌ دیداره‌كانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌راوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
یه‌كێك له‌ دیداره‌كانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌راوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن

K24 - هه‌ولێر:

دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رۆژێکی پر لە دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ بوو بۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو شاندی باڵای کۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکا کۆبوونەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و وەزیری دەرەوەی ئوردن و سەرۆک وەزیرانی لوبنان باسی لە ڕه‌وشى عیراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی کرد.

دیدار و کۆبوونەوەکانی مه‌سرور بارزانی لە پەراوێژی 58ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەردەوامن. سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆک حکومەتی هه‌رێمى کوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵاى کۆنگرێسمانەکانی ئەمه‌ریکا بە سەرۆکایەتیی لیندزی گراهام کۆبوونەوە.

دۆخى سیاسى، ره‌وشى عیراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

شاندەکەى کۆنگرێس دووپاتى دەکەنەوە به‌ بایه‌خه‌وه له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌ڕوانن و په‌یوه‌ندییه‌کى به‌هێز له‌نێوان واشنتن و کوردستاندا هەیە و پێویستە هێشتا ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بکرێن و برەویان پێ بدرێت.

هەروەها باس لە بڕیاری ئەمدواییەی دادگای باڵای فیدراڵى کرا، كه‌ بریارەكه‌ خزمەتی سەقامگیریی دۆخی عیراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵى ناکات.

هەر لە میونشن و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئیلیسا سلۆتکین و ئادەم شیف ئه‌ندامانى‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مه‌ریکا کۆبووە‌وه‌. پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دۆخی گشتیی عێراق قسەی لەبارەوە کراوە، بەتایبەتی بڕیاری ئەم دواییەی دادگای باڵای ئیتیحادی دووپاتکرایەوە ئەم بڕیارە بەلای هەرێمی کوردستان قبوڵکراو نییە و هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەندا و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەکاتەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ  ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی شانشینی ئوردن کۆبووەوە. گرنگیی فراوانکردنی دەرفەتەکانی پەیوەندی و هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن جەختی لەسەر کراوەتەوە.

دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رۆژێکی پڕ دیدار و گفتوگۆی گرنگ بووە و یەکێکی لەو کۆبوونەوانە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان.

تێیدا دوایین گۆڕانکاری، پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پەیوەندییەکانی لوبنان و هەرێمی کوردستان بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.