دوای 6 مانگ تەرمی دوو كۆڵبەر دۆزرانەوە

لە ماوەی ساڵیكدا 44 كۆڵبەر بەھۆی تەقەی ھێزە ئەمنییەكانی ئێران گیانیان لە دەستداوە

K24 - ھەولێر

دوای شەش مانگ تەرمی دوو كۆڵبەری خەڵكی ناوچەی تەرگەوەری پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان لە ژێر بەفردا دۆزرانەوە.

ھەواڵدەرییە خۆجێیەكان لە رۆژھەڵاتی كوردستان رایانگەیاند، تەرمی دوو كۆڵبەری ناوچەی تەرگەوەر دوای تێپەربوونی 6 مانگ دۆزراونەتەوە.

ئەوەشی راگەیاندووە، ئەو دوو كۆڵبەرە ناویان كامەران پوورسەموویان و مامەد قوچییە و تەرمەكانیان كەوتبووە ژێر بەفر و رۆژی رابردوو دوای 6 مانگ لەگەڵ توانەوەی بەفر دۆزراونەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو 44 كۆڵبەری رۆژھەڵاتی كوردستان بەھۆی تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون.