حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران: ھەندێك لایەنی كوردی دەیانەوێ خەڵك نائومێد بكەن

"ھەموو لایەك لە دژی ئەو گوتارە ھەڵوێست وەربگرن و لەقاوی بدەن"

K24 - ھەولێر

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێكدا دەڵێ، ھەندێك لایەنی سیاسی لە رۆژھەڵات خەریكە خەڵك نائۆمێد دەكەن و دەبێ بەھەموو شێوەیەك گوتارەكەیان لەقاو بدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بێ ئەوەی ناوی لایەنێكی دیاریكراو بھێنێت،  لە راگەیاندراوێكدا رەخنە لە لایەنێكی دیاریكراو دەگرێت كە بەگوتەی حدكا خەڵك نائۆمێد دەكات و ھەوڵ دەدات بەلای بەرژوەندی رژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بەزیانی بزوتنەوەی كورد و خەڵك نائۆمێدكردندا بشكێتەوە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران داوا دەكات، ھەموو لایەك لە دژی ئەو گوتارە ھەڵوێست وەربگرن و لەقاوی بدەن.

 لە رۆژانی رابردوودا خالید عەزیزی، سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە ئەوان ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بكەن، ھاوكات دروشمی رووخانی ئێرانیشی بە دروشمێك دانابوو كە چەپەكان بەسەر كوردیاندا سەپاندووە.