ئه‌مشه‌و پوتن گوتارێك پێشكه‌ش به گه‌لی رووسیا ده‌كات
K24 - هەولێر:
میدیا جیهانییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، ئه‌مشه‌و سه‌رۆكی رووسیا له‌باره‌ی دۆخی ئۆكرانیاوه گوتارێك پێشكه‌ش به گه‌له‌كه‌ی ده‌كات.
میدیا جیهانییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، دوای كۆبوونه‌وه‌ی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی، ئه‌مشه‌و گوتارێك پێشكه‌ش ده‌كات.
چاودێران پێیان وایه، ره‌نگه گوتاره‌كه‌ی پوتن له‌باره‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی دۆنباس و لۆگانسك بێت، هه‌ندێكیش بۆنی شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
كه‌مێك پێش ئێستا ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی رووسیا له‌باره‌ی بارودۆخی ئۆكرانیا له كۆبوونه‌وه‌دایه، پوتن ئاشكرای ده‌كات، ئه‌ندامبوونی ئۆكرانیا له ریزه‌كانی ناتۆ هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی مۆسكۆ.
پوتن راشیگه‌یاند، به‌كارهێنانی ئۆكرانیا له دژی رووسیا مه‌ترسیداره، ده‌مانویست كێشه‌كان به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه چاره‌سه‌ر ببن.
سه‌رۆكی رووسیا راشیگه‌یاند، هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه نییه، هه‌موو رێكه‌وتنێك ڤیتۆ ده‌كات.
ڤلادیمێر پوتن، ئاماژه به‌وه ده‌كات، له‌گه‌ڵ ماكرۆن قسه‌م كردووه، ده‌ركه‌وت هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا گۆڕاوه. ده‌شڵێت: "ده‌مانویست كێشه‌كان ئاشتیانه چاره‌سه‌ر ببن، به‌ڵام ئۆكرانیا پابه‌ند نه‌بوو، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان له‌باره‌ی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی دۆنباس و لۆگانسكه. گوتیشی: "نایانه‌وێت ئۆكرانیا پابه‌ندی رێكه‌وتننامه‌ی مینسك بێت".
له‌مباره‌یه‌وه، سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایگه‌یاند، وڵاتانی رۆژئاوا داواكارییه‌كی سه‌ره‌كی رووسیایان ره‌تكرده‌وه، ئه‌ویش پێدانی دڵنیایی فراوان نه‌بوونی ناتۆ له رۆژهه‌ڵاته‌وه.
لاڤرۆڤ راشیگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵده‌دات له پرسه‌كان خۆی بدزێته‌وه.