چوارچێوەی هەماهەنگی: دوو دەسەڵات لە ناکۆکییە سیاسییەکان دووربخەنەوە

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە راگەیەندراوێک بڵاودەکەنەوە
کۆبوونەوەی چوارچیوەی هەماهەنگی شیعە
کۆبوونەوەی چوارچیوەی هەماهەنگی شیعە

K24 - هەولێر

سەرکردەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە ماڵی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە و رایدەگەیەنن، دەستەڵاتەکانی یاسادان و جێبەجێکردن، لە ناکۆکییە سیاسییەکان دووربخرێنەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بڵاویکردەوە، سەرکردەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەکە، لە ماڵی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا داوا کرا، دەستەڵاتەکانی یاسادان و جێبەجێکردن، لە ناکۆکییە سیاسییەکان دووربخرێنەوە و رێز لە جیاوازی و گرنگی ئەو دوو دەستەڵاتە بگیرێت، جەختیش لەسەر گرنگی و پێویستی بەدواداچوون بۆ ئەو دەنگۆیانە کرایەوە، کە باس لە هەڕەشەکردن لە چەند سەرکردەیەکی سیاسی دەکەن.

ئەمەش لەکاتێدایە، ئێستا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە بەغدایە و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی سێ‌ قۆڵی لەگەڵ هاوپەیمانی سیادە و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام بدات.

هەر دوێنێ هاوپەیمانی فەتح، داوای لە سەدر کرد، لاپەڕەیەکی سپی لە پرۆسەی سیاسی هەڵبداتەوە و هەنگاو بەرەو یەکخستنەوەی ماڵی شیعە بنێت.