به‌ردێك له باپیرییه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه نرخه‌كه‌ی 143 هه‌زار دۆلاره

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
به‌نرخترین به‌رد كه به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین (ئۆباڵ- به‌ردی به‌نرخ) داده‌نرێت له مێژوودا له زیادكردنێكی ئاشكرادا له ئالاسكا به 143 هه‌زار دۆلار و 750 دۆلار فرۆشرا.
رۆژنامه‌ی یۆ ئێس توده‌ی له راپۆرتێكدا له ژێر ناوی (به‌رده به‌نرخه‌كه‌ی خێزانی براندت)، نووسیویه‌تی: "ئالاسكا هه‌ر به‌فر و زریان و چۆڵه‌وانی نییه، به‌ڵكو رۆژی 20ی شوبات (فێبرایه‌ری 2022) به‌ردێكی به‌نرخی لێ خرایه زیادكردنێكی ئاشكراوه كه نرخه‌كه‌ی 143 هه‌زار و750 دۆلار بوو".
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرتێكی ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس، (ئۆبال- به‌رده به‌نرخ)ه‌كه به (ئه‌میریكۆس ئۆسترالیس) ناسراوه كێشه‌كه‌ی 11 هه‌زار و 800 قیراته.
ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك پرسیار له زێڕینگه‌ر و فرۆشیاری به‌رده به نرخه‌كان، بكات، قیرات چییه؟ راسته‌وخۆ پێیده‌ڵێت: "قیرات پێوانه‌یه‌كه بۆ به‌رده به‌نرخه‌كانی وه‌ك ئه‌ڵماس، یاقوت، زرگۆن، تۆباز، بریل، كۆمارلین، بیریت، ئۆبال، عه‌قیق، فیروز، فلۆریت (مه‌رجان) و چه‌نده‌ها جۆری تر".

قیرات یه‌كه‌ی بارستایی ته‌نێكه كه یه‌كسانه به 0.2 ملیگرام (1 قیرات یه‌كسانه به 0.2 ملیگرام)، له ساڵی 1907 له كۆنگره‌ی گشتی چواره‌می كێش و پێوانه‌كانی جیهان بۆ پێوانی به‌رده ده‌گمه‌نه‌كان چه‌سپێنرا و به ماوه‌یه‌كی كه‌م له ته‌واوی جیهاندا به‌كارهێنرا.
هه‌روه‌ها به‌پێی خانه‌ی زیادكردنی ئاشكرای ئالاسكا له هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ده‌گمه‌ندا سه‌لمێنراوه كه به‌رده‌كه مێژوویه‌كی دوورودرێژی هه‌یه.
پێگه‌ی KTAR نیوز ئاشكرای كردووه كه به‌رده به‌نرخه‌كه له ناو قوماشێكی كه‌تاندا له قاسه‌یه‌كدا پارێزراوه له ماڵێك له‌لایه‌ن فرێد فۆن براندت له بیگ له‌یك -ی باكووری ئانكۆریج كه گه‌وره‌ترین شاری ویلایه‌تی ئالاسكایه.
خێزانی براندت مێژوویه‌كی دێرینیان هه‌یه له بازرگانیكردن به به‌رده به‌نرخه‌كانه‌وه.
به‌رده‌كه بۆ پێوانی قه‌باره‌كه‌ی به نوقڵی باده‌می به‌راورد كراوه كه چه‌نده‌ها ئه‌وه‌نده‌ی نوقڵی باده‌می ده‌بێت و له دوو به‌ش پێكهاتووه.
هه‌ر وه‌ك فۆن براندت به ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس-ی وتووه ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی زۆره كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كات كه بۆی بسه‌لمێت به‌ردێكی به‌نرخه، وتیشی: "به‌رده‌كه له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشووه پارێزراوه كاتی خۆی باپیری له بازرگانێكی ئوسترالی كڕیوه به‌ناوی جۆن ئاڵتمان".
فۆن براندت ئه‌وه ناشارێته‌وه كه ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه باوكی به‌رده‌كه‌ی پاراستووه و دایناوه، به‌ڵام ئه‌م بڕیاریداوه له‌وه زیاتر به نهێنی و شاراوه‌یی نه‌یهێڵێته‌وه.

فۆن براندت به سایتی ئێست بای تایمز، ده‌ڵێت: "خێزانه‌كه‌مان له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی كالیفۆرنیایه، بۆیه بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ تا سه‌ره‌تای هه‌شتاكان، به‌رده‌كه له پێشانگای نمایشكردنی به‌رده به‌نرخه‌كان خراوه‌ته‌ڕوو"، وتیشی: "باوكم دواتر وه‌ك فرۆشیارێكی كه‌لوپه‌لی ناوماڵ كاریكردووه".
به‌پێی سایتی ئێست بای تایمز، جای باوكی فۆن براندت رۆیشتووه بۆ ویلایه‌تی ئۆریگۆن و له‌وێ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌رده‌كه‌ی پاراستووه.
بۆیه فۆن براندت، ده‌ڵێت: "دوای ئه‌وه‌ی هاتوونه‌ته ئالاسكا بۆ ماوه‌ی ساڵێك باوكیان له‌گه‌ڵیان ژیاوه".
نی‌ك كلاین هاوپشك و پسپۆر له هه‌ڵسه‌نگاندنی زیادكردنی ئاشكرا‌و خه‌مڵاندنی ده‌گمه‌نه‌كان، ده‌ڵێت: "ئه‌م خێزانه دۆكۆمێنتی ته‌واو و ده‌گمه‌نیان هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و (ئۆبال)ه ده‌گمه‌نه".
وه‌ك به‌شێك له به‌دواداچوونه‌كانی، كلاین په‌یوه‌ندی كردووه به فیونا ئاڵتمان نه‌وه‌ی جۆن ئاڵتمان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای Altmsnn+ Cherny له سیدنی پایته‌ختی ئوسترالیا، ئه‌و وتوویه‌تی كه باپیری به‌رده‌وام بازرگانی كردووه و له چواچێوه‌ی گه‌شته‌كانیدا سه‌ردانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكای كردووه و 100% به‌رده‌كه ته‌واو بێ كه‌موكورتییه و باپیری به ده‌ستنووس له‌سه‌ری نووسیوه ئه‌مه‌ریكا- ئوسترالیا.