نرخی نەوت لە 100 دۆلار نزیکدەبێتەوە

بە هۆکاری گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی مۆسکۆ فەرمانی بە هێزەکانی کرد، بچنە نێو هەردوو ناوچە جوداخوازەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممەدا بۆ نزیکەی 100 دۆلار بەرزبووەوە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت، لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 2.11% بۆ 97.40 دۆلار بەرزبووەوە، کە بەرزترین ئاستییەتی لە دوای مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014ـەوە. هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی 3.48% بۆ 93.36 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەو هەوڵەی رووسیاش لەلایەن ئەمەریکا و بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاواوە، ئیدانە کرا و ئامادەکاری بۆ سەپاندنی سزا دەکەن، بەڵام شارەزایەکی بانکی دەڵێت، پێشبینی ناکرێت لە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەوروپا و ئەمەریکا سزا بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن چونکە، بە زیانی خۆیان دەشكێتەوە. بەڵکو مەترسی ئەوە هەیە وەک وەڵامی سزاکان، رووسیا خودی خۆی هەناردەی نەوت و گاز بۆ ئەوروپا رابگرێت.

شارەزایانی بازاڕیش پێیان وایە نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزدەبێتەوە.