پوتن لەبەر ئەم هۆکارانە پشتگیری لە سەربەخۆیی دوو ناوچەكه‌ی ئۆکرانیا کرد

چ شتێك ماوه‌ رووسیا به‌رامبه‌ر رۆژئاوا بیكات؟

K24 - هه‌ولێر:

دواجار ڤلادیمیر پوتن سەرۆک کۆماری رووسیا، جیابوونەوەی ناوچەکانی "لوهانسک" و "دونێتسک"ی لە ئۆکرانیا و سەربەخۆیی ئەوانی ئیمزا کرد. ئەو دوو ناوچەیە لە رووی جیۆپۆلتیکییەوە گرنگییەکی زۆری بۆ رووسیا و ئۆکرانیا هەیە.

پوتن دووپاتی کردەوە کە ناتۆ تێبینییە تەناهییەکانی رووسیای لەبەرچاو نەگرتووە و بۆیە گوتی: "چارم نییە و دەبێ بڕیارێک بدەم کە دەبووایە زۆر پێشتر ئەو کارەم کردبا، ئەویش بە فەرمی ناساندنی سەربەخۆیی کۆماری لوهانسک و دونێتسکە".

سەرۆک کۆماری رووسیا فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەشی کرد کە هێزی "ئاشتی پارێز" بۆ ناوچە سەربەخۆییخوازەکان بنێرێت.

زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە پوتن پلانێکی درێژخایەنی هەیە بۆ ئەوەی ئۆکرانیا گۆشەگیر بکات و رێی ئاوی لێ بگرێت. نیمچه‌ دوورگه‌ی کریمیا کە پێشتر لە لایەن رووسیاوە داگیر کراوە و هەروەها "لوهانسک" و "دونێتسک"، "خارکیێڤ" لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا، لە ئاوە ئازادەکان دەڕوانن و جیۆپۆلتیکێکی گرنگیان هەیە.

رووسیا کە 40٪ غازی سرووشتی یەکێتی ئەورووپا دابین دەکات، دەیەوێ لە رێگەی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەوە، کارتی غازیی بەردەستی لە بەرانبەر ئەوروپا و ناتۆ، هەر بەهێزی بمێنێتەوە.

نه‌خشه‌ی لوهانسك و دۆنێتسك له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كریمیا
نه‌خشه‌ی لوهانسك و دۆنێتسك له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كریمیا

لوهانسک

پارێزگای لوهانسک دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. بەشێکی زۆری دانیشتووانی لوهانسک لە رۆژی 6ی نیسانی ساڵی 2014 و دوای جیابوونەوی کریمیا لە ئۆکرانیا، بینا دەوڵەتییەکانیان داگیر کرد و داوای راپرسیان کرد بۆ ئەوەی بچنە سەر رووسیا. هاوکات بەشێک لە دانیشتووانی پارێزگاکانی دونێتسک و خارکیێفیش هەمان کاریان کرد. لە رۆژی 11 ئایاری 2014 راپرسی لە لوهانسک بەڕێوەچوو و زیاتر لە 96٪ی دانیشتوانی دەنگیان بە سەربەخۆیی دا.

رووبەری ئەو پارێزگایە کە 26 هەزار و 684 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی دوو ملیۆن و 600 هەزار دانیشتووی هەیە، ساڵی 1938 دامەزراوە.

مێژووی شاری لوهانسک کە سەنتەری پارێزگاکەیە، بۆ ساڵی 1795 دەگەڕێتەوە. لەو ساڵەدا وەبەرهێنەرێکی بەریتانی بە ناوی "چارڵز گاسکونیە" کارگەیەکی ئاسنی لەوێ دامەزراند و ئەمە دەستپێکی پیشەیەک بوو کە تا ئێستاش برەوی زۆری هەیە.

لوهانسک لە ساڵی 1882 بوو بە شار و بە هۆی نزیکیی لە رووباری "دونێتس" بوو بە ناوچەیەکی گرنگی پیشەسازی لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا، بە تایبەت کە گەورە کۆمپانیای "لوهانسک تەپلووز" لە بواری دروستکردنی شەمەندەفەر لەوێ دامەزرا.

لە 5ی تشرینی دووەم ی ساڵی 1935 ناوی ئەو شارە بۆ "ووروشیلوف گراد" گۆڕدرا. ناوە نوێیەکە لە ناوی "کلیمینت ووروشیلوف" فەرماندەی سەربازی و سیاسەتمەداری یەکێتی سۆفییەت وەرگیرابوو. دواتر لە 5ی ئاداری 1958 و بە فەرمانی "خۆرشچۆف"، ناوە کۆنەکەی بۆ گەڕایەوە.

ئەنجومەنی باڵای کۆماریی سۆسیالیستیی سۆفییەت – ئۆکرانیا، جارێکی دیکە دووپاتی لە ناوە کۆنەکە (لوهانسک) کردەوە.

نه‌خشه‌ی روونكردنه‌وه‌ی جیۆپۆله‌تیك و شێوازی زمان و چڕی دانیشتووانی هه‌رێمه‌كه‌
نه‌خشه‌ی روونكردنه‌وه‌ی جیۆپۆله‌تیك و شێوازی زمان و چڕی دانیشتووانی هه‌رێمه‌كه‌

 دونێتسک

دونتسک یەکێکی لە پارێزگاکانی ئۆکرانیا و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. ئەو شارە کە له‌ رووی پیشەسازییەوە گرنگە، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و لە سەر دەستی "جان هیوز" بنیات نرا. "جان هیوز" وەبەرهێنەری پیشەسازی کانزاکان، بە رەچەڵەک خەڵکی ناوچەی "وێڵز"ی بەریتانیا بوو.

دۆنێتسک کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکە ملیۆنیک و 100 هه‌زار کەسە، یەکێکه‌ لە شارە گەورەکانی ئۆکرانیا و بە دەستە خوشکی "بوخوم"ی ئەڵمانیا، پێتسبۆرگی ئه‌مه‌ریكا، "شیفیڵد"ی بەریتانیا، "مۆسکۆ" و سێ شاری دیکە ناسراوە.

زمانی نزیکەی 74٪ی دانیشتووانی دونێتسک، رووسی و 24٪ی ئۆکرانییە.