كاركردن له‌ پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی به‌رده‌وامه‌

40%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌
شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی
شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی

K24 – سلێمانی:

پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، سەدا 40ی كارەكانی تەواو بووە و كاركردنیش تێیدا بەردەوامە. سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی رایگه‌یاند، بوونی زێدەڕۆیی و نەبوونی پارەی نەختینەیی گرفتی بۆ دروستكردوونە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش پێیوایە بەھۆی نەگەڕاندنەوەی داھاتی سنووری سلێمانی بۆ گەنجینەی گشتی، وایكردووە بودجەی پێویست لەبەردەست نەبێت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.

شەقامی 100 مەتری سلێمانی، یەكێكی دیكەیە لەو پڕۆژە ستراتیژیانەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانه‌، كە سەرۆكی حكومەت لە ساڵی 2020 بەردی بناغەی دروستكردنی دانا و ئێستا لە سەدا 40ی كارەكانی تەواو بووە و كاركردن تێیدا بەردەوامە.

به‌كر ته‌یب، بەڕێوەبەری شەقامی 100مەتری سلێمانی بوونی زیادەڕۆیی و دابیننەكردنی پارەی نەختینەی بە 2 گرفتی سەرەكی لەبەردەم كارەكانی شەقامەكە دەبینێت.

نەگەڕانەوەی داھات لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ خەزێنەی گشتی وایكردووە، گرفت بۆ چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و مووچەی بەشێك لە فەرمانبەرانیش دروست ببێت. زیاد رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی روونیكرده‌وه‌، نەگەڕانەوەی داھات وایكردووە ھیچ بودجەیەك لەبەر دەستدانەبێت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.

شەقامی 100 مەتری سلێمانی، 146 كیلۆمەترە و بڕیارە بە 3 قۆناخ جێبەجێبكرێت، قۆناخی یەكەم 33 كلیۆمەترە و لە تاسلوجە دەستپێدەكات، تا گوندی دەمركان، ئەو بەشەی ئێستا كاری لەسەر دەكرێت، گرنگترینیانە و بەتەواوبوونی ھاتووچۆی سلێمانی ھەنگاوێكی گرنگ دەباتە پێشەوە.