به‌ڕای تۆ پوتن له‌كێ زیاتر ده‌ترسا؟

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
مایك پۆمبیۆ وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه به‌وه ده‌دات بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ، هه‌ندێك له نه‌یاره دیموكراته‌كان چه‌واشه‌كارییان بڵاوده‌كرده‌وه كه ئیداره‌كه‌یان لاوازه به‌رامبه‌ر رووسیا، به‌ڵام رووسیا هیچ ئازایه‌تییه‌كی تێدا نه‌بووكه هێرش بكاته سه‌ر ئۆكرانیا، بۆیه ده‌ڵێت: "به‌رای تۆ، پۆتن زیاتر له‌كێ ده‌ترسا؟".
دیموكراته‌كان له دوو تێرمی سه‌رۆكایه‌تی جیاوازدا تووشی ڤلادیمێر پۆتن -ی سه‌رۆكی رووسیا ده‌بنه‌وه، ساڵی 2014 كاتێك باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بوو، پۆتن نیوه دورگه‌ی قرم-ی داگیركرد، ئه‌مجاره‌ش كه پۆتن دانبه‌سه‌ربه‌خۆیی هه‌ر دوو ناوچه‌ی دۆنیسك و لۆهانسك، ده‌نێت وه‌ك دوو هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ و ناردنی هێز بۆ ناوچه‌كه، ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا لای كه‌سێكی دیموكراته ئه‌ویش سه‌رۆك جۆو بایدن-ه.
ئیداره‌ی ئۆباما جگه له‌سزایه‌كی ئابوری نه‌یتوانی هیچی دیكه به‌رامبه‌ر پۆتن بكات، هه‌رچه‌نده چاودێرانی سیاسی پێیانوایه پۆتن به‌هۆی ئه‌و سزایانه‌ی ده‌خرێته‌سه‌ری، رووسیا ئه‌خاته لێواری شه‌ڕێكی ماڵوێرانكه‌ره‌وه.
به‌ڵام زۆر سیاسیش له‌و باوه‌ڕه‌دان سزاكان چه‌ند قورسیش بن هیچ له‌دۆخی بیركردنه‌وه‌ی داگیركاری رووسیا ناگۆڕێت، ته‌نیا ئه‌وه‌ی كه دیاره له‌دنیای سیاسه‌تدا لاوازی ئیداره‌ی بایدن-ه.
مایك پۆمبیۆ وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئیداره‌ی تره‌مپ له تویتێكدا نوسیویه‌تی: "بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ، توتی-یه چه‌پڕه‌وه‌كانی ئه‌مه‌ریكا چه‌واشه‌كارییان بڵاوده‌كرده‌وه كه ئیداره‌كه‌مان لاوازه به‌رامبه‌ر رووسیا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا روسیا هیچ ئازایه‌تییه‌كی تێدا نه‌بووكه هێرش بكاته سه‌ر ئۆكرانیا به‌هۆی ئه‌و هۆشیاركردنه‌وانه‌ی رامانده‌گه‌یاند، به‌ڵام ئێستا پۆتن ئه‌یكات، به‌رای تۆ، پۆتن زیاتر له‌كێ ده‌ترسا؟".
هه‌روه‌ها پۆمبیۆ له چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی فۆكس نیوز، شه‌وی 22ی شوبات، وتی: "ڤلادیمێر پۆتن هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه كه ئێمه له ئیداره‌دا بوین، تاكه شتێك كه گۆڕاوه سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكایه".
به‌ڵام ده‌شێت داگیركاری 2014 ی دورگه‌ی قرم، زۆر جیاواز بێت له‌گه‌ڵ قه‌یرانی ئه‌مجاره‌ی نێوان روسیا - ئۆكرانیا، چونكه ئه‌مجاره ته‌واوی ناوچه‌كه دژی داگیركارییه‌كه وه‌ستاوه به‌تایبه‌تی ئه‌مڕۆ 23ی شوبات ئه‌نجومه‌نی ئاشایشی سه‌ربه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان باری نائاسایی بۆ ئۆكرانیا راگه‌یاند.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆیته‌رز، ئۆلیكسی ریزینكۆڤ، وه‌زیری به‌رگری ئۆكرانیا، داوای له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی كرد كه له‌ماوه‌ی 48 سه‌عاتدا ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش په‌سه‌ندبكات.
هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه نوسیویه‌تی: "پێویسته په‌رله‌مانی ئۆكرانیا خوێندنه‌وه بۆ پرۆژه‌یاساكه بكات كه هه‌ر ئۆكرانییه‌ك توانای هه‌ڵگرتنی چه‌كی هه‌بێت، چه‌ك هه‌ڵگرێت و به‌رگری له وڵاته‌كه‌ی بكات".

به‌پێی میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا ئیداره‌ی بایدن ده‌سته‌وسان نییه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ 22ی شوبات، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له ئه‌وروپا به‌ڵێنیاندا به ئۆكرانیادا كه په‌رچه‌كردارێكی كوشنده‌یان ده‌بێت بۆ رووسیا، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی به فه‌رمانی پۆتن هێزی رووسیا به‌ناوی (هێزی ئاشتی پارێز) ده‌نێردرێت بۆ ناوچه‌ی دۆنیسك و لۆهانسك و چه‌ند كاتژمێرێك دواتر سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و دوو ناوچه‌یه‌ی راگه‌یاند.
یه‌كێك له‌و هه‌نگاوه ترسناكانه‌ش كه ئه‌ڵمانیا ده‌ینێت وه‌ستاندنی هێڵی گازی سروشتی نۆرد ستریم 2-ی روسی كه له رووسیاوه گاز ده‌گه‌یه‌نێت به ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا، به وه‌ستاندنی ئه‌م هێڵه زیانێكی گه‌وره ده‌گات به رووسیا، چونكه كۆمپانیا روسییه‌كه 11 ملیار دۆلاری تێدا سه‌رفكردووه.
هه‌روه‌ها بایدن له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا دوێنێ 22ی شوبات رایگه‌یاند كه له گوژمی یه‌كه‌می سزا‌كانیدا سزای ئابووری ته‌واو ده‌خرێته سه‌ر دوو دامه‌زراوه‌ی دارایی گه‌وره‌ی رووسی، وتیشی: "سیستمی بانكه‌كانی رووسیا ده‌خه‌نه سزاكانه‌وه و ئامانج له‌وه‌ش رێگه‌نادرێت سه‌رمایه‌داره رووسه‌كان دارایی ئه‌وروپایان به‌ده‌ستبگات".
ئه‌م سزایانه‌ی ئه‌مه‌ریكا دوای سزای به‌ریتانیا دێت كه خستییه سه‌ر رووسیا ئه‌ویش سڕكردن و قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆی هه‌ندێك له ئۆلیگارشی و سیاسییه رووسه‌كانه.
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ئیداره‌ی بایدن و هاوپه‌یمانه‌كانی هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایین بۆ قه‌یرانێكی گه‌وره كه به‌رۆكی جیهانی گرتووه له‌لایه‌ن رووسیاوه، بۆیه به‌شێك له سه‌ركرده كۆمارییه‌كان وه‌ك لاوازی سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ناوزه‌دی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێكی دیكه به بیركردنه‌وه‌ی خراپی پۆتن-ی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی رووسی.
له‌به‌رامبه‌ردا رووسیا ئه‌یه‌وێت هاوپه‌یمانی بۆ خۆی په‌یدا بكات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه‌ی ئۆكرانیا، به‌تایبه‌تی ئه‌و دوڵه‌ته جیابووانه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران و له‌هه‌موو دانیشتنێكیشدا پۆتن ره‌تیده‌كاته‌وه كه بیر له ئیمپراتۆریه‌ت بكاته‌وه.

له راپۆرتێكی سی بی ئێس نیوز-دا هاتووه كه جگه له بێلارووس كه پشتیوانی بڕیاره‌كانی پۆتن ده‌كات، ئێستا ئازربایجان -یش هاتۆته ناو هاوكێشه‌كه‌وه و وه‌ك دۆستی رووسیا خۆی نمایشده‌كات.
له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكیدا رۆژی 22ی شوبات، ڤلادیمێر پۆتن سه‌رۆكی رووسیا چاوی كه‌وت به ئلهام عه‌لیف سه‌رۆكی ئازربایجان و به عه‌لیف-ی وت: "پێشبینییه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌و گومانه‌ی كه گوایه رووسیا سه‌رله‌نوێ هه‌وڵی داڕشتنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی رووسی ده‌دات دووره له‌راستییه‌وه".
به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ی پۆتن یه‌ك رۆژ دوای دانپێدانانی سه‌ربه‌خۆی هه‌ردوو ناوچه‌ی دۆنیسك و لۆهانسك، هات وه‌ك دوو هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ و ناردنی هێز بۆ ئه‌و دوو ناوچه‌یه.
به‌پێی سی بی ئێس نیوز، پۆتن له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به هاوتا ئازربایجانییه‌كه‌ی وتووه: "لایه‌نی سێیه‌م ده‌یه‌وێت ئۆكرانیا به‌كاربهێنێت بۆ هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر خاكی روسیا".
پۆتن به‌ڵێنی به هاوتا ئازربایجانییه‌كه‌ی داوه كه روسیا وه‌ك چۆن پێشتر رێزی له‌سه‌روه‌ری وڵاتانی جیابووه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت گرتووه، به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا جیاوازه.
كه‌واته ئایا وه‌ك مایك پۆمبیۆ ده‌ڵێت: "پۆتن زیاتر له‌كێ ده‌ترسا؟" له ئیداره‌ی بایدن یان ئیداره‌ی تره‌مپ له‌كاتێكدا چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئازربایجان ده‌رخه‌ری راستییه‌كه، كه ڤلادیمێر پۆتن سه‌رۆكی رووسیا ده‌یه‌وێت پشتیوانی و هاوپه‌یمان بۆ خۆی زیادبكات و ترسیش له‌وه هه‌یه له دوای ئۆكرانیا جۆرجیا و مۆڵدۆڤیا، داگیربكات.