وتاره 9 ده‌قیقه‌ییه‌كه‌ی زیلینسكی، ئه‌وپه‌ڕی بێئومێدی بوو!
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
دوای ئه‌وه‌ی پێنتاگۆن هۆشداریدا كه روسیا له هه‌ر كاتژمێرێكدا بێت هێرش ده‌كاته سه‌ر ئۆكرانیا، دره‌نگانی ئێواره‌ی دوێنێ 23ی شوبات، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له وتارێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا، به‌وپه‌ڕی نائومێدییه‌وه وتی: "گوێمان لێ بگرن، گه‌لی ئۆكرانیا ئاشتی ده‌وێت". به‌ڵام به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 24ی شوبات رووسیا شه‌ڕی راگه‌یاند، كۆشكی سپی-یش له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "سه‌رۆك پوتن بڕیاری ده‌ستپێشخه‌ری جه‌نگیدا، كه زیانێكی بێوێنه‌ی بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌بێت".
جۆن كێربی سكرتێری رۆژنامه‌وانی پێنتاگۆن له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا ئه‌وه‌ی راگه‌یاند كه به‌دڵنیاییه‌وه له‌و بڕوایه‌دان هێزی سه‌ربازی رووسیا جوڵه‌ی زیاتر پێكراوه به‌ره‌و هه‌ردوو ناوچه‌ی دۆنیتسك و لۆهانسك. گوتیشی: "ناتوانین دڵنیایی بده‌ین به ژماره‌ی ته‌واو و چۆنێتی هێزه‌كه و تواناكانی به‌ڵام پێمانوایه كه جووڵه به‌هێزه‌كانی رووسیا كراوه"، "له‌و بڕوایه‌داین كه ئێستا هێزه‌كانی رووسیا له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدان بۆ هێرشكردن له‌هه‌ر ساتێك‌دا بێت" ئه‌و وه‌های وت.
دوا به‌دوای كۆنگره رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌ی كێربی، دره‌نگانی ئێواره‌ی 23ی شوبات (فێبرایه‌ری 2022)، ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا وتارێكی ته‌له‌فیزیۆنی پڕ سه‌رسوڕمان و بێئومێدی پێشكه‌شكرد.
وتاره 9 ده‌قیقه‌ییه‌كه‌ی زیلینسكی كه به زمانی رووسی بوو ئاگادارییه‌كی راسته‌وخۆ و نائومێدی تێدا به‌دیكرا ئه‌ویش زیاتر له پێناو ئاشتی بوو بۆ هاووڵاتییه رووسه‌كان.
زیلینسكی به نیگه‌رانه‌وه، گوتی: "گوێمان لێ‌بگرن! ئۆكرانییه‌كان ئاشتییان ده‌وێت، سه‌ركرده‌كانی ئۆكرانیا ئاشتی-یان ده‌وێت".
سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئاشكرای كرد كه گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هاوتا رووسییه‌كه‌ی (ڤلادیمێر پوتن) ئه‌نجامداوه، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كه ته‌واو ترسناك و تاریك و تنۆك بووه.
وتاره‌كه‌ی زیلینسكی له‌ناكاو بوو، ته‌نیا شه‌وێك دوای ئه‌وه‌ی كه پوتن بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی هه‌ردوو ناوچه‌ی دۆنیتسك و لۆهانسك-ی خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا-ی راگه‌یاند و ناردنی هێزی سه‌ربازی بۆ ناوچه‌كه به‌ناوی (هێزی ئاشتیپارێز)ی به پێویستزانی.
سه‌رۆكی ئۆكرانیا له وتاره‌كه‌یدا وتی: "خه‌ڵكی هه‌ردوو وڵات له دۆخێكی نائارامدان كاتێك هێزه‌كانی رووسیا بیر له په‌ڕینه‌وه ده‌كه‌نه‌وه له سنووری ئۆكرانیا".
زیلینسكی نه‌یشارده‌وه و گوتی: "ئه‌م هه‌نگاوه هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تاییه بۆ شه‌ڕێكی گه‌وره له كیشوه‌ری ئه‌وروپا".
ئه‌و هۆشداریشیدا له هه‌ر جۆره شه‌ڕفرۆشتنێك كه ده‌شێت "هه‌موو شتێك پێكه‌وه بسووتێنێت".
به‌ر له‌و وتاره ته‌له‌فیزیۆنییه، سه‌رۆكی ئۆكرانیا داوای له‌و كه‌سانه كرد كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان 18-60 ساڵدایه ده‌توانێت وه‌ك سه‌ربازی یه‌ده‌گ بۆ ماوه‌ی ساڵێك خۆیان ناونووس بكه‌ن، گوتیشی: "پێویستمان به 36 هه‌زار سه‌ربازی یه‌ده‌گه بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ رووسیا".
هه‌ر دوابه‌دوای وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی ئۆكرانیا، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 24ی شوبات به كاتی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن-ی سه‌رۆكی رووسیا له وتارێكی ته‌له‌فیزیۆنیدا رایگه‌یاند كه ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی رووسیا له خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا بۆ به‌رگریكردنه له جوداخوازه ئۆكرانییه‌كانی سه‌ر به مۆسكۆ ده‌ستیپێكرد، گوتیشی: "بڕیاری ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیمان دا و داوا له سوپای ئۆكرانیا ده‌كه‌ین چه‌كه‌كانیان دانێن".
هه‌ر دوای به‌دوای ئه‌و وتاره ته‌له‌ڤزیۆنییه‌ی پوتن، ده‌نگی ته‌قینه‌وه له چه‌ند شارێكی ئۆكرانیا بیسترا، له نێویاندا ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له كیێڤ-ی پایته‌خت.
به دوای ئه‌و رووداوانه‌شدا له به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆشكی سپی رایگه‌یاند كه جیهان ده‌پاڕێته‌وه بۆ گه‌لی ئۆكرانیا كه ئه‌مشه‌و به‌رامبه‌ر هێرشێكی بێ هۆكار له‌لایه‌ن هێزی سه‌ربازی رووسیاوه ده‌ناڵێنێت.
كۆشكی سپی له به‌یاننامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "سه‌رۆك پوتن بڕیاری ده‌ستپێشخه‌ری جه‌نگیی-دا، كه زیانێكی بێوێنه‌ی ده‌بێت بۆ مرۆڤایه‌تی".
به‌یاننامه‌كه ده‌شڵێت: "رووسیا به ته‌نیا به‌رپرسیارێتی ئه‌م هێرشه‌ی له‌ئه‌ستۆیه و ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌شێوه‌ی یه‌كگرتوو و یه‌كلاكه‌ره‌وه، په‌رچه‌كرداریان ده‌بێت و جیهانیش لێپێچینه‌وه له رووسیا ده‌كات".