چین: هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا داگیركاری نییه‌

"دۆسییه‌ی ئۆكرانیا باگراوندێكی مێژوویی ئاڵۆزی هه‌یه‌"
هوا تشون یانگ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین
هوا تشون یانگ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین

K24 – هەولێر:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ئاشكرای ده‌كات، ئه‌و كرده‌ سه‌ربازییه‌ی رووسیا ده‌رهه‌ق به‌ ئۆكرانیا ده‌ستیپێكردووه‌، داگیركاریی نییه‌، ئه‌و ده‌ربڕینه‌ نادروسته‌.

هوا تشون یانگ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین رایگه‌یاند، مۆسكۆ بێ پرسكردن به‌ په‌كین هێرشه‌كه‌ی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد، ده‌ربڕینی داگیركاری بۆ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی مۆسكۆ نیشاندانی لایه‌نگیرییه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین راشیگه‌یاند، رووسیا وڵاتێكی گه‌وره‌یه‌، ده‌توانێت بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چین هه‌موو هه‌نگاوێكی ستراتیژی بگرێته‌ به‌ر.

ئه‌و گوته‌بێژه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین روونیكرده‌وه‌، وڵاته‌كه‌ی به‌ چڕییه‌وه‌ چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كات، داوا له‌ هه‌موو لایه‌كیش ده‌كات خۆڕاگر بن و دۆخه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت.

هوا تشون یانگ، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌وه‌ی رووسیا ئه‌نجامیداوه‌ داگیركاری نییه‌، په‌كیین له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی رووسیا و ئۆكرانیا له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌. ده‌شڵێت: "دۆسییه‌ی ئۆكرانیا باگراوندێكی مێژوویی ئاڵۆزی هه‌یه‌، دواشمان له‌ هاووڵاتیانمان له‌ ئۆكرانیا كردووه‌، له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌".