ئه‌ردۆغان: هێرشكردنه‌ سه‌ر ئۆكرانیا مایه‌ی قبووڵكردن نییه‌

"پێویسته‌ كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن"
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا

K24 – هەولێر:

سه‌رۆك كۆماری توركیا ئاشكرای ده‌كات، هێرشكردنی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا پێچه‌وانه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ و گورزێكی توونده‌ بۆ سه‌ر سه‌قامگیری ئارامی ئه‌و وڵاته‌.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ گوتارێكدا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی گیانی هاووڵاتیانی له‌ ئۆكرانیا ده‌پارێزێت.

ئه‌ردۆغان راشیگه‌یاند، هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا مایه‌ی قبووڵكردن نییه‌، پێویسته‌ كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ئۆکرانیا راگەیاند و سوپای وڵاتەکەی هێرشی بۆ سەر باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستپێکرد.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکدا کە تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە ناوچەی دۆنباس لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا راگەیاند و دەڵێ: "رووسیا رێگە نادات ئۆکرانیا خاوەنی چەکی ناوەکی بێت".

پوتن، داوای لە سەربازە ئۆکرانییەکان دەکات، چەک دابنێن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

ڤلادیمێر پوتن، لە گوتاری راگەیاندنی جەنگ ئاماژەی بەوەدا "لەحاڵەتی دەستێوەردانی دەرەکی لە دۆخی ئۆکرانیادا رووسیا دەستبەجێ وەڵام دەداتەوە".

سەرۆکی رووسیا بڕیاری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر هەرێمی دۆنباس لە ئۆکرانیا دا و دەڵێ: رووسیا رێگە نادات ئۆکرانیا خاوەنی چەکی ناوەکی بێت.

راوێژکارێکی وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا رایگەیاند، لە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، تائێستا 40 سەرباز و 10 هاووڵاتی سڤیل کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندارن.