ئیبراهیم ره‌ئیسی: ناتۆ  هەڕەشەیەکی مەترسیدارە

"هیوادارم ئەوەی ئێستا روودەدات سوودی بۆ خەڵکەکە و سەرانسەری ناوچەکە هەبێت"
ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران
ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران

K24 – هەولێر

دەزگای هەواڵی نوری ئێرانی بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆکی رووسیای راگه‌یاندووه‌، "فراوانبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ  هەڕەشەیەکی مەترسیدارە  بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".

ئه‌و میدیا ئێرانییه‌ رایگه‌یاند، ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆكی ئێران و ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، "ناتۆ گرژی دروست دەکات و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ ئاسایش و سەقامگیری وڵاتە سەربەخۆکان".

ئه‌و میدیا ئێرانییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ره‌ئیسی به‌ پوتنی راگه‌یاندووه‌، "هیوادارم ئەوەی ئێستا روودەدات سوودی بۆ خەڵکەکە و سەرانسەری ناوچەکە هەبێت".

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ئۆکرانیا راگەیاند و سوپای وڵاتەکەی هێرشی بۆ سەر باشوووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستپێکرد.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکدا کە تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە ناوچەی دونباس لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا راگەیاند و دەڵێ: رووسیا رێگە نادات ئۆکرانیا خاوەنی چەکی ناوەکی بێت و ببێته‌ ئه‌ندامی ناتۆش.