سویفت چییه؟ بۆچی بێبه‌شكردنی رووسیا له‌و سیسته‌مه به گورزی كوشنده داده‌نرێت؟
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا: گۆشه‌گیركردنی رووسیا له سیسته‌می سویفت بژارده‌یه‌كی كراوه‌یه
K24- هه‌ولێر:
دوای چه‌ند كاتژمێرێك له ده‌ستپێكردنی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر خاكی ئۆكرانیا، ئه‌مه‌ریكا ژماره‌یه‌ك سزای بۆ سه‌ر مۆسكۆ راگه‌یاند و جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه، ده‌ركردنی رووسیا له سیسته‌می سویفت بۆ مامه‌ڵه داراییه بانكییه‌كان، تا ئێستاش بژارده‌یه‌كی زیندووه.
بایدن روونیكرده‌وه، ئه‌و بژارده‌یه تا ئێستا له لایه‌ن ئه‌وروپییه‌كانه‌وه په‌سه‌ند نه‌كراوه، به‌ڵام سزاكانی دیكه كه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاندووه، نه‌ك ته‌نها هه‌مان كاریگه‌ری ده‌بێت، به‌ڵكو كاریگه‌رییه‌كه‌ی له ده‌ركردنی مۆسكۆ له سیسته‌می سویفتی دارایی زیاتریش ده‌بێت.
دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی رووسیا ده‌ستپێكردنی كرده‌ی سه‌ربازیی سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌ناو خاكی ئۆكرانیا راگه‌یاند، كیێڤ داوایكرد، به دوورخستنه‌وه‌ی مۆسكۆ له سیسته‌می سویفت وه‌ڵامی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی پوتن بدرێته‌وه.
دوای په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن، هاوتا فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی، ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تویته‌ر نووسیی: "داوا ده‌كه‌ین رووسیا له سیسته‌می سویفت دووربخرێته‌وه و ناوچه‌ی دژه‌فڕین له ئاسمانی ئۆكرانیا رابگه‌یه‌ندرێت".
سیسته‌می سویفت چییه؟
دامه‌زراندنی سیسته‌می سویفت بۆ ساڵی 1973 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك كۆمه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانی جیهان له نێوان بانكه‌كان دامه‌زرا، كه باره‌گاكه‌ی له به‌لجیكایه.
بانكی نیشتمانی به‌لجیكی به هاوكاری له‌گه‌ڵ بانكه ناوه‌ندییه سه‌ره‌كییه‌كان سه‌رپه‌رشتی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه ده‌كات، له‌وانه‌ش بانكی ناوه‌ندیی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا، بانكی ناوه‌ندیی ئه‌وروپی و بانكی ئینگلته‌را.
كاری سویفت حه‌واڵه‌كردنی پاره نییه، به‌ڵام وه‌ك سیسته‌مێكی ناردنی پارێزراو كارده‌كات و زیاتر له 11 هه‌زار دامه‌زراوه‌ی دارایی له زیاتر له 200 وڵات به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
به‌گوێره‌ی داتاكان، له ساڵی 2021، رۆژانه 42 ملیۆن نامه‌ی رایی كردووه، له ساڵی 2020ـیش رووسیا به رێژه‌ی 1.5%ی جووڵه‌ی دارایی له‌ڕێگه‌ی سویفته‌وه ئه‌نجامداوه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه له ساڵی 2014 ده‌ركراوه، رێكخراوی سویفت رایگه‌یاند، "ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌كی هاوكاریی جیهانی بێلایه‌نه، هه‌ر بڕیارێك بۆ سه‌پاندنی سزای به‌سه‌ر وڵات و قه‌واره‌كان، ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ده‌سته حكومییه تایبه‌تمه‌نده‌كان و ره‌وایه‌تیده‌رانی (كه‌سانی یاسایی) په‌یوه‌ندیدار".
به‌دوورخستنه‌وه‌ی رووسیا له‌و سیسته‌مه چ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته ده‌بێت؟
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی "سی ئێن ئێن"، ئه‌گه‌ر رووسیا له سیسته‌می سویفت دوورخرایه‌وه، ئه‌وا حه‌واڵه‌كردنی پاره بۆ ده‌ره‌وه و بۆ ناوه‌وه‌ی رووسیا له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه كارێكی ئه‌سته‌م ده‌بێت و گه‌وره‌كۆمپانیاكانی رووسیا تووشی په‌ككه‌وتنێكی گه‌وره ده‌بن، به‌تایبه‌ت بۆ كڕیارانی نه‌وت و غاز.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێشتریش كه له ساڵی 2012 ئێران به‌هۆی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌و سیستمه دوورخرایه‌وه، تاران نزیكه‌ی نیوه‌ی داهاتی نه‌وته‌كه‌ی له‌ده‌ستدا و به‌ڕێژه‌ی 30%ی جووڵه‌ی بازرگانییه ده‌ركییه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا.
له راپۆرتێكی دیكه‌شدا كه له "ئێن بی سی نیوز" بڵاوكراوه‌ته‌وه، جه‌خت له‌وه كراوه‌ته‌وه، دوورخستنه‌وه‌ی رووسیا له‌و سیسته‌مه داراییه گرنگه، راسته‌وخۆ زیانی گه‌وره به ئابووری رووسیا ده‌گه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌ت كه ئه‌م هه‌نگاوه واتا دوورخستنه‌وه‌ی رووسیا له مامه‌ڵه داراییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له‌وانه‌ش داهاتی نه‌وت و غاز، كه نزیكه‌ی 40%ی كۆی داهاتی ئه‌و وڵاته پێكده‌هێنێت.
راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی به‌وه داوه، پێشتر ئه‌مه‌ریكا توانی سویفت رازی بكات كه ئێران به‌هۆی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له سیسته‌مه‌كه ده‌ربكات، به‌ڵام ده‌ركردنی رووسیا له‌وانه‌یه زیان به وڵاتانی دیكه‌ش بگه‌یه‌نێت، له‌وانه‌ش ئه‌ڵمانیا.
ئایا جیهان رووسیا له سویفت ده‌رده‌كات؟
دوێنێ جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و سه‌پاندنی كۆمه‌ڵێك سزای نوێ به‌سه‌ر رووسیادا به بژارده‌یه‌كی زۆر باش ده‌زانێت، كه 4 بانكی گه‌وره‌ی رووسیای كرده ئامانج، به‌ڵام ئه‌ندامانی كۆنگرێسمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا داوا ده‌كه‌ن، رووسیا له سویفت ده‌ربكرێت.
بایدن ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌و پێویستی به پاڵپشتی هاوتا ئه‌وروپییه‌كانی هه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌و رێكاره تونده هه‌ڵوێستێكی پێویست نیشان ناده‌ن، له‌كاتێكدا رووسیا به‌رهه‌مهێنێكی سه‌ره‌كیی وزه‌یه بۆ ئه‌وروپا.
رێكاره‌كانی رووسیا
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی "سی ئێن ئێن"، له به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌مووه‌دا، رووسیاش چه‌ند هه‌نگاوێكی به‌ره‌و دامه‌زراندنی سیتسه‌مێكی ئاڵوگۆڕی بانكیی تایبه‌ت به‌خۆی ناوه، له حه‌واڵه‌كردنی ناوخۆییدا رووسیا به‌ڕێژه‌ی 20% پشت به‌و سیسته‌مه ده‌به‌تسێت.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه: "سیسته‌می ئاڵوگۆڕی بانكیی رووسی زه‌مینه‌سازی بۆ مامه‌ڵه داراییه‌كانی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ بانكه‌كان له چین فه‌راهه‌م ده‌كات".
H.B