شەڕ لەناو کۆڵانەکانی کیێڤ دەستیپێکرد

هێزێکی پاڵپشتی لە پۆڵەنداوە بەرەو کیێڤ بەڕێکەوتووە
دیمەنێکی ئەمڕۆی کیێڤ
دیمەنێکی ئەمڕۆی کیێڤ

K24 – هەولێر

سوپای رووسیا هەوڵەکانی بۆ داگیرکردنی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا چڕ کردووەتەوە و شەڕ لەناو کۆڵانەکان دەستیپێکردووە.

ئازاد ئاڵتون، پەیامنێری کوردستان24 لە کیێڤ، رایگەیاند: "شەڕ لەناو کۆڵانەکانی کیێڤ دەستیپێکرد، لە زۆر ناوچەکانی پایتەخت دەنگی تەقە دەبیسترێت".

گوتیشی: "لە رۆژئاوا تا رۆژهەڵاتی شاری کیێڤ، شەڕ و بۆردومان هەیە، لە هەندێک ناوچە شەڕی سەخت لە ئارادایە. بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا رێگەیان نەداوە هیچ ناوچەیەک بکەوێت ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای رووسیا".

ئاماژەی بەوەشدا: "بۆ پاڵپشتی ئۆکرانیا، هێزێکی زۆر لە پۆڵەنداوە بەڕێکەوتووە و چاوەڕێ دەکرێت دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەو هێزە بگاتە کیێڤ".

بەگوێرەی ئاماری شارەوانی کیێڤ، بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی رووسیا 35 هاووڵاتی سڤیل لە شارەکە کوژراون.