راگه‌يه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌رچوار سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

"بڕيارى دادگاى باڵاى فيدراڵى پێچه‌وانه‌ى ده‌ق و گيان و بنه‌ما ڕاسته‌قينه‌كانى سيستەمى فيدراڵييه‌"
كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌رچوار سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان
كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌رچوار سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌رچوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بڕيارى دادگاى باڵاى فيدراڵى له‌باره‌ی دۆسییه‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ى ده‌ستووری عێراق لێكدراوه‌ته‌وه‌ و هاتووه‌: "بڕيارى دادگاى باڵاى فيدراڵى پێچه‌وانه‌ى ده‌ق و گيان و بنه‌ما ڕاسته‌قينه‌كانى سيستەمى فيدراڵييه‌ و پێشێلكردنێكى زه‌ق و ئاشكراى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌".

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28/2/2022 به‌ سه‌رپه‌رشتی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ به‌شداری سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، په‌رله‌مانى كوردستان، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێوه‌چوو، بڕيارى دادگاى فيدراڵی عيراق ده‌رباره‌ى ياساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا‌.

 كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌رچوار سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان
كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌رچوار سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

كۆبوونه‌وه‌كه‌ جەختی كرده‌وه‌ و له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش هاتووه‌: بڕیارەکه‌ى دادگاى باڵاى فيدراڵى قبووڵكراو نييه‌ و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پياده‌كردنى مافە دەستوورییەکانی و به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ده‌ست له‌ ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌ڵناگرێت و هه‌موو ڕێگه‌يه‌كى ياسايى و ده‌ستوورى ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزێت، لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە‌:

1- بڕيارى دادگاى باڵاى فيدراڵى پێچه‌وانه‌ى ده‌ق و گيان و بنه‌ما ڕاسته‌قينه‌كانى سيستەمى فيدراڵييه‌ و پێشێلكردنێكى زه‌ق و ئاشكراى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌.

2- برياره‌كه‌ى دادگا به ‌شێوه‌يه‌كى ناڕاسته‌وخۆ هه‌مواركردنێكى ناده‌ستووريى ده‌ستووره‌، چونكه‌ بووه‌ته‌ هۆى لێسه‌ندنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكى ده‌ستووريى هه‌رێمه‌كان و به‌خشينى به‌ ده‌سه‌ڵاتى فيدرالڵى كه‌ ئه‌مه‌ش ناته‌بايه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى دادگاى فيدراڵى و پاشگه‌زبوونه‌وه‌يه‌ له‌ سيستەمى فيدراڵى.

3- دادگا له‌ بڕياره‌كه‌يدا پشتى به‌ ياساكانى ساڵانى 1976 و 1985ى عيراق به‌ستووه‌ كه‌ ياساى ناوه‌ندين و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى ده‌ستوورى ساڵى 2005ى عێراقى تازه‌دا‌ ناكۆكه‌ كه‌ سيستمى حوكمى له‌ عيراق له‌ ناوه‌ندييه‌وه‌ بۆ سيستەمێكى فيدراڵى گۆڕيوه‌ و به‌ ڕوونى ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێم و پارێزگا‌كان و دەسەڵاتی فيدراڵى دابەش کردووە.

4- هه‌رێمى كوردستان پێى وايه‌ ئه‌م بڕياره‌ جگه‌ له‌وه‌ى بنكۆڵكردنى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵييه، له‌ هه‌مان كاتدا پێشى وايه‌ مه‌رامى تايبه‌تى له‌ پشته‌ و بێلايه‌ن نييه‌، به‌تايبه‌تيش كه‌‌ عيراق به‌ دۆخێكى زۆر هه‌ستيار و ئاڵۆزى سياسيدا تێده‌په‌ڕێت و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان خه‌ريكى گفتوگۆن بۆ لێكگه‌يشتن و دۆزينه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌يه‌ك بۆ ده‌رچوون له‌ چه‌قبه‌ستوويى و بنبه‌ستى سياسى، ئه‌م بڕياره‌ دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات.

5- دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پاڵپشت به‌ ياساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان و ده‌قى مادده‌ى (112)ى ده‌ستوورى عيراق ئه‌نجام دراون، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا دەسەڵاتە فیدراڵیيەکان دواى تێپه‌ڕبوونى (17) ساڵ نه‌یانتوانی ئه‌ركى ياسايیى خۆيان جێبه‌جێ بکەن به‌ دانانى ياسايه‌ك بۆ نه‌وت گاز له‌ عيراق، وێڕاى ده‌ستپێشخه‌رييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 2007 و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى حكوومه‌تى ئه‌وكاتى فيدراڵ له‌و ڕه‌شنووسه‌ هاوبه‌شه‌ى ياساى نه‌وت و گاز كه‌ ڕێككه‌وتنى له‌سه‌ر كرابوو.

6- بە گرنگی دەزانین دادگای باڵاى فيدرالى به‌ ياسايه‌كى نوێ و بەپێی حوكمه‌كانى ماددەی (٩٢)ى دەستوور پێک بێت و ئەرکه‌كانى بەپێی دەستوور جێبەجێ بکات، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورييانه‌ش به‌پێى ده‌ستوور ياسايان بۆ ده‌ربچێت و پێكبێن كه‌ زامنى به‌رجه‌سته‌كردنى سيستمى فيدراڵين.

كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌رچوار سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان
كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌رچوار سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

له‌‌م پێناوه‌دا سەرۆکایەتيی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسيیەکانی ناوخۆی ھەرێمى كوردستان و عيراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ گرتنەبەری ھەر ڕێکارێک بۆ پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمى كوردستان. ھەروەھا په‌رله‌مانى كوردستان ڕێكارى یاسایی و دستووريی پێويست ده‌گرێته‌ به‌ر و ئەنجومەنی دادوەريی ھەرێمی کوردستان لە پێگە دەستوورییەکەی خۆیەوە بەردەوام دەبێت لەگەڵ ناوەندە دادوەرییەکانی عێراقدا بۆ داکۆکیکردن لەسەر دەستووریبوونی مافەکانی ھەرێمی کوردستان.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ئاماده‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانه‌ و بەردەوام دەبێت له‌ گفتوگۆى بنياتنه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى، دۆستانى عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيش پشتگيرى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌كه‌ن.