کاروانێکی سەربازیی رووسیا بەرەو کیێڤ کەوتەڕێ

25 کیلۆمەتری ماوە بگاتە کیێڤ
کاروانێکی سەربازیی رووسیا - فۆتۆ: AA
کاروانێکی سەربازیی رووسیا - فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر

کاروانێکی سەربازی رووسیا بەدرێژایی 60 کیلۆمەتر بەرەو پایتەختی ئۆکرانیا بەرێگاوەیە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس "کاروانێکی سەربازیی رووسیا، بەدرێژایی 60 کیلۆمەتر، کە پێکهاتووە لە تانک، زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی، بەرەو کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بەرێگاوەیە، تەنیا 25 کیلۆمەتری ماوە بگاتە شارەکە".

ئەمەش لە کاتێکدایە کۆبوونەوەی نێوان شاندی مۆسکۆ و کیێڤ لەسەر سنوورەکانی بێلارووس، بەبێ ئەنجام کۆتایی هات، بەڵام میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، بڕیارە گەڕێکی دیکەی دانوستان بەڕێوەبچێت، بەبێ ئەوەی ئاماژەی بە کات و شوێنەکەی بکات.

لە پێشهاتێکی دیکەشدا، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا، بەڵگەنامەی داواکاری فەرمی، بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپای واژۆ کرد.

هاوکات وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیاش رایگەیاند، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، پێنج هەزار و 300 سەربازی رووسیا کوژراون. لەبەرامبەردا، وەزارەتی بەرگری رووسیا، وێرانکردنی هەزار و 146 بنکەی سەربازیی و خۆڕادەستکردنی 110 سەربازی سوپای ئۆکرانیای راگەیاند.

پەیوەست بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا، بە مەرجی داننان خاوەندارییەتی مۆسکۆ بەسەر دورگەی کریمیا و بێلایەنی ئۆکرانیا، ئامادەیی بۆ راگرتنی هێرشەکان دەربڕی.