ئۆکرانیا سوپاسی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان دەکات

داوایەکیشیان لە یوتیوب و گوگڵ هەیە
ئێلۆن مەسک
ئێلۆن مەسک

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی ئێلۆن مەسک بەدەم داواکاری جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا و وەزیری ئاڵوگۆڕی دیجیتاڵ "میخایلۆ فێدۆرۆڤ"ـەوە هات و یارمەتیدان، میخایلۆ سوپاسی کرد و ئێڵۆن مەسکیش وەڵامی دەداتەوە.

میخایلۆ فێدۆرۆڤ لە تویتێکدا نووسیویەتی "ستارلینک لێرەیە، سوپاس ئێلۆن مەسک".

ئێلۆن مەسک لە وەڵامی سوپاسگوزاریەکەی میخایلۆدا دەڵێت "شایەنی ئێوەی نییە".

ستارلینک زنجیرەیەک مانگی دەستکردی کۆمپانیای سپەیس ئێکسە کە ئامانج لە دروستکردنیان دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە بۆ تەواوی دانیشتوانی سەر زەوی، بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "politico"، لەکاتی پچڕانی ئینتەرنێت لە ئۆکرانیا، ئێلۆن مەسک ئینتەرنێتی ئەو وڵاتە دابین دەکات.

تۆڕی مانگە دەستکردەکان بە دەوری زەویدا
تۆڕی مانگە دەستکردەکان بە دەوری زەویدا

لەلایەکی دیکەوە میخایلۆ فێدۆرۆڤ رایگەیاند، مێتا دەستی کردوە بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی "درۆکان"ـی رووسیا.

وەزیری دیجیتاڵی ئۆکرانیا داوای لە یوتیوب و گوگڵیش کرد کە نەبنە پلاتفۆڕمێکی گواستنەوەی "پروپاگەندە"ـی میدیا کۆنترۆڵکراوەکانی رووسیا.

وەزیری ئاڵوگۆڕی دیجیتاڵ
وەزیری ئاڵوگۆڕی دیجیتاڵ "میخایلۆ فێدۆرۆڤ"

ئێلۆن مەسک دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا و خاوەنی کۆماپانیای سپەیس ئێکسە لە ئێستادا بە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان دادەنرێت کە سەرمایەکەی 222 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

H.H